بەغدا دەنگۆی سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی عێراقدا رەت دەکاتەوە
حکوومەتی فیدراڵ و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەیان رەت کردەوە کە باس لە سەپاندنی کۆتوبەند و سنووردارکردنی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی وڵاتدا دەکەن بەهۆی ئەگەری جموجۆڵی سەربازی لە ناوچەکەدا و، جەختیان لە کراوەیی تەواوی رێڕەوە ئاسمانییەکان کردەوە.
هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە، رایگەیاند: ئەو هەواڵانەی لە بارەی سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر جووڵەی فڕۆکەوانیدا لە ئاسمانی عێراق بڵاو دەکرێنەوە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە.
گوتەبێژی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە، سەرجەم رێڕەوە ئاسمانییەکان لەبەردەم گەشتەکاندا کراوەن و هیچ جۆرە کۆتوبەندێک لەسەر هاتوچۆی فڕۆکەوانی لە ئاسمانی عێراقدا بوونی نییە.
لای خۆیەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، هیچ هۆشدارییەکی فڕۆکەوانیی لە جۆری (NOTAM) دەرنەکردووە بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی کاتی یان دیاریکردنی رێڕەوی فڕینی ناچاری بۆ ئەو فڕۆکانەی بە ئاسمانی وڵاتدا تێپەڕ دەبن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی ڕوونی کردەوە، کە ئەو زانیارییانەی لەو بارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە ناڕاستن؛ ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بە پێی رێکار و رێنماییە فەرمی و پەسەندکراوەکان بەڕێوەدەچن.
هاوکات داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا کرد وردبینی لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا بکەن و تەنیا پشت بە راگەیەنراوە فەرمییەکان ببەستن.