پەردە لەسەر شکستی دانوستانەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراق لادەدرێت

بە پێی راپۆرتێکی ئیرەم نیوز، پرۆسەی داماڵینی چەکی گرووپەکان لە عێراق گۆڕاوە بۆ ململانێ لەسەر پشککاریی پۆستە هەستیارەکانی دەزگای هەواڵگری، دەروازە سنوورییەکان و جومگە ئابوورییەکان، ئەمەش سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ناچار کردووە رێککەوتنەکان رەت بکاتەوە و دۆسیەکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وەربگرێتەوە.

هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، ماڵپەڕی 'ئیرەم نیوز'ـی ئیماراتی، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت لە عێراق، لە چوارچێوەی تەقلیدیی رادەستکردنی چەک یان کۆنتڕۆڵکردنی چالاکیی سەربازیی گرووپەکان دەرچووە و چووەتە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆزترەوە

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو ناکۆکییەی دانوستانەکانی گەیاندووەتە بنبەست، تەنیا رەتکردنەوەی چەکدانان نەبووە، بەڵکو پەیوەست بووە بە مەرجی گرووپە چەکدارەکان بۆ مسۆگەرکردنی مانەوە و فراوانکردنی هەژموونیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لە بەرامبەر سڕکردنی چالاکیی سەربازی یان گواستنەوەی چەکەکانیان بۆ ژێر دەسەڵاتی حکوومەت.

 

لێسەندنەوەی دۆسیەکە لە چوار سەرکردەکەی شیعە

لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە دۆسیەی دانوستان لەو لیژنە چوارقۆڵییە وەربگرێتەوە کە لە (هادی عامری، نووری مالیکی، محەمەد شیاع سوودانی و هومام حەموودی) پێکهاتبوو و، بڕیاری داوە خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی بکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی گەیشتە ئەو باوەڕەی رێککەوتنەکانی ئەو لیژنەیە نفووزێکی بێسنوور دەداتە گرووپە چەکدارەکان بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە سەربەخۆیی سەربازییان دەستەبەر بکات.

ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیران ناڕەزایەتیی توندی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا و بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵی سیاسیی چڕ دەدرێت بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەسەندنی ئەم ناکۆکییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمنی بکرێت.


پۆست لە بەرامبەر رێککاری ئەمنیدا

ماڵپەڕەکەی ئەوەشی خستووەتەڕوو، رەگی کێشەکە بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە نووسراوە دەگەڕێتەوە کە لیژنە چوارقۆڵییەکە لەگەڵ فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان پێی گەیشتبوو؛ گرووپەکان داوای چەندین پۆستی گەورەیان لە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەروازە سنوورییەکان و دەستەکانی وەبەرهێنان کردووە، جگە لە چەندین پۆستی کارگێڕی و ئابووریی دیکە.

بە پێی زانیارییەکان، کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی، بە تەنیا داوای 5 پۆستی بریکاری وەزارەت و 32 پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کردووە، لە پاڵ بەدەستهێنانی هەژموون لە جومگە ئەمنی و ئابوورییەکاندا. لە بەرامبەردا، سەرۆکوەزیران رەتی کردووەتەوە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بکاتە مامەڵەی سیاسی کە پێگەی سیادی ببەخشێتە میلیشیاکان، بە تایبەت لە سایەی نەبوونی هیچ پابەندییەکی روون سەبارەت بە چارەنووسی جبەخانە سەربازییەکانیان.


دەزگای هەواڵگری و دەروازە سنوورییەکان لە چەقی کێشمەکێشدا

ئیرەم نیوز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر ژمارەی پۆستەکان نییە، بەڵکو لەسەر سروشتی ئەو دامەزراوانەیە کە گرووپەکان چاویان تێبڕیوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و دەروازە سنوورییەکان. هەروەها بەڕێوەبردنی راستەوخۆی دەزگای هەواڵگری لە لایەن خودی زەیدییەوە، لە پاڵ رەتکردنەوەی بەشداریکردنی میلیشیاکان لە بڕیارە ئەمنییەکاندا، ئەو دامەزراوانەی کردووەتە چەقی ململانێکە.

هاوکات باس لە گرتنەبەری رێوشوێنی حکوومی دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە گرێبەست و مامەڵە داراییەکانی پەیوەست بە کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو سەرچاوە داراییانەی کە بۆ چالاکیی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەکار دەهێنرێن. لە بەرامبەردا، میلیشیاکان بوونی خۆیان لەناو جومگەکانی دەوڵەتدا وەک گەرەنتییەکی سیاسی و ئەمنی بۆ داهاتووی چەکدارەکانیان دەبینن.


درز لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەم بنبەستە بووەتە هۆی دروستبوونی لێکترازانی نوێ لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا؛ هەندێک لە لایەنەکان رەخنە لە پەراوێزخستنی لیژنە چوارقۆڵییەکە دەگرن، هاوکات لەنێو خودی هێزە چەکدارەکانیشدا دووبەرەکی هەیە، بە جۆرێک هەندێکیان رازی بوون بە خستنەژێر رکێفی هێزەکانیان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی و نوجەبا پێداگری لەسەر مەرجەکانیان دەکەن.

بە پێی زانیارییە ئەمنییەکان، بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانی پێکدادانی نوێ لە نێوان تاران و ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران پاڵپشتی لەوە دەکات کە بەشێک لە گرووپەکان توانای سەربازیی سەربەخۆی خۆیان بپارێزن. تەنانەت ئاماژە بەوە دەکرێت چەکی پێشکەوتوو و ئامێری پەیوەندی بۆ گرووپی بچووکتر گوێزراونەتەوە تا بەشێک لە جبەخانەکان لە دەرەوەی هەر رێککەوتنێک بمێننەوە.


خوێندنەوەی شارەزایان

لەو بارەیەوە، محەمەد نەعناع، شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی روونی کردەوە، کەتیبەکانی حزبوڵڵا داواکارییەکانی راستەوخۆ گەیاندووەتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ ئەوەی پابەند بێت بە رێڕەوی فەرمیی دانوستانەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، ئەمەش زەیدی خستووەتە بەردەم داخوازیی چاوەڕواننەکراو کە کاتی بۆ تاوتوێکردنیان ویستووە.

نەعناع پێیوایە، کە گرووپە چەکدارەکان ئەم پۆستانە وەک بەهای رادەستکردنی چەک نابینن، بەڵکو وەک ماف و شایستەیەکی فیدراڵی و سیادی سەیری دەکەن بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لەناو دەوڵەتدا قایم بکەن. بەمەش ململانێکە لە دیاریکردنی وادەیەک بۆ چەکدانان تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ململانێ لەسەر سنووری هەژموونی هەمیشەیی ئەو هێزانە لەناو کایەی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی عێراقدا.