قەتەر: ئەمریکا و ئێران هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی

 سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کۆتایی.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد عەبدولڕەحمان سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا جەختیکردەوە، پێویستە هەردوولا لەبری گەڕان بەدوای رێککەوتنێکی نموونەییدا، رازیبن بن بە رێککەوتنێکی گونجاو.

دۆخێکی چاوەڕوانی باڵی بەسەر ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کێشاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیار لەبارەی هێرشی نوێ دەدات.

ئەم راگەیەندراوە هاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لەکاتێکدا قەتەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن لەنێوان واشنتن و تاران چڕ کردووەتەوە.

ترەمپ ئێستا چەند بژاردەیەک تاوتوێ دەکات، بریتین لە هێرشی سەربازیی نوێ، بەردەوامبوون لەسەر گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی سازشکارانە.

لە رێڕەوی دیپلۆماسیدا، نێوەندگیریی قەتەری کار بۆ پێشخستنی رەشنووسی رێککەوتنێک دەکات ئامانجی بونیاتنانی متمانەیە. ئەم رەشنووسە هەنگاوی بەرامبەر لەخۆ دەگرێت، وەک هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و ئازادکردنی بەشێک لە پارە بەستەڵەککراوەکانی ئێران.

تاران لە بەرامبەردا داوای لە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە سەردانی ئەو پێگە ئەتۆمیانە بکەن بۆردومان کراون. هەروەها تاران ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نیشان داوە، وەک هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و کۆگاکانی یۆرانیۆمی بپیتێنێت بەرز.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران پێداگری لەسەر حەوت مەرج دەکات ئاراستەی واشنتنی کردووە. تاران رەت دەکاتەوە گەرووی هورمز بکاتەوە یان بچێتە ناو هیچ دانوستانێکەوە تا ئەو کاتەی مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن.

ەم پێشهاتانە لەکاتێکدان ئیسرائیل گوشار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، هاوکات ئەمریکاش هەڵوێستی جیاوازی سەبارەت بە سود پەرەسەندنەکان و کاریگەرییەکانیان، بەتایبەتی لەسەر بازاڕەکانی وزە هەیە.