130 هێرشی دەریایی لە گەرووی هورمز تۆمار کراوە

رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریوانی (IMO) رایگەیاند، ژمارەی ئەو هێرشانەی کەشتییە بازرگانییەکانی لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج گەیشتووەتە 130 هێرش، هاوکات لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە 25 دەریاوان گیانیان لەدەستداوە. ئەو رێکخراوە هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی مەترسییەکان لەسەر کەرتی گواستنەوەی دەریایی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی رێکخراوەکە، نوێترین حاڵەتی گیانلەدەستدان 5ـی تشرینی دووەم تۆمارکراوە، ئەویش دوای هێرشکردنە سەر کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T VELOS SAPPHIRE) لە گەرووی هورمز. بەوەش ژمارەی ئەو دەریاوانانەی بە فەرمی گیانلەدەستدانیان پشتڕاستکراوەتەوە گەیشتە 25 کەس.

رێکخراوەکە ئاشکرایکرد، هەزاران دەریاوان لە ناوچەکەدا لەژێر مەترسیدان، لەنێویاندا تیمی ئەو کەشتییانەی کە بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانەوە لە کەنداوی عەرەبیدا گیریان خواردووە و ناتوانن ناوچەکە جێبهێڵن.

لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریوانی لە لەندەن کە لە 2 تا 6ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر پاراستنی گیان و سەلامەتیی دەریاوانان کرایەوە. داوا کرا رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بە پارێزراوی و کراوەیی بمێننەوە، بەبێ گوێدانە ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان.

ئارسینۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتیی رێکخراوەکە هۆشداریدا لەوەی دەریاوانان بەردەوام لە مەترسیی گیانلەدەستدان و برینداربوون دان. جگە لەوەی رووبەڕووی بارودۆخێکی مرۆیی نالەبار بوونەتەوە و بەشێکیان لەسەر کەشتییەکان جێهێڵدراون، لە مافی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان بێبەش کراون و تووشی کەمبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و خۆراک و چاودێریی پزیشکی بوونەتەوە.

ئەنجوومەنی رێکخراوەکە بە توندی هێرشەکانی گرووپی حوسییەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب سەرکۆنە کرد. هەروەها هێرشەکانی رووسیای بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانان و ژێرخانی بەندەرەکان و دامەزراوەکانی فریاگوزاری لە رێڕەوی دەریایی ئۆکرانیا لە دەریای رەش ئیدانە کرد.

رێکخراوەکە نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی کردەوەکانی چەتەگەری و دزیی چەکداری لە رۆژئاوای زەریای هیندی و کەنداوی عەدەن دەربڕی. رێکخراوەکە ئاشکرایکرد کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 17 هەوڵ و حاڵەتی چەتەگەری لەو ناوچەیەدا تۆمارکراون.