سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ تۆمەتەکانی زێلێنسکی رەت دەکاتەوە
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا جارێکی دیکە رەخنەی لە ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ گرت سەبارەت بە رێکارەکان و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، ئەمەش بەهۆی پچڕانی درێژخایەنی ئاو و کارەبا لە دانیشتووان بەهۆی هێرشەکانی رووسیا.
شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، هێرشەکانی شەوی رابردووی رووسیا زیانیان بە دامەزراوەکانی وزە لە پارێزگاکانی کیێڤ و جیتۆمیر گەیاندووە. کلیچکۆ روونیکردەوە، کیێڤ رووبەڕووی دۆخێکی دژوار لە دابینکردنی کارەبادا بووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر کارکردنی تۆڕەکانی گەرمکەرەوە و ئاو لە شارەکەدا دروستکردووە.
هاوکات تیمەکانی کەرتی وزە و خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ دانیشتووان کار دەکەن. جگە لە پایتەخت، شارەکانی دنیپرۆ، خارکیڤ، ئۆدیسا و ناوچەکانی دەوروبەریان، لەگەڵ پارێزگاکانی جیتۆمیر، سومی، چیرکاسی، پۆڵتاڤا و ڤینیتسا رووبەڕووی هەمان کێشە بوونەتەوە.
زێلێنسکی لە پەیامێکدا لە تێلێگرام گوتی "ئەمانە دەرەنجامی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانن لە ئاستی شارەکەدا بۆ ئامادەکاریی وەرزی زستان، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکەی رووسیا کە کەرتی وزەی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج". سەرۆکی ئۆکرانیا سەبارەت بە دۆخی کیێڤ کە سێ ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێن، روونیکردەوە، ئاڵنگارییەکان مەترسیدارن.
لەبەرامبەردا ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ تۆمەتەکانی زێلێنسکی رەت کردەوە و لە پەیامێکدا لە تێلێگرام وەڵامی دایەوە "پایتەخت توانای رێگرییکردنی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا دژی کەرتی وزەی ئۆکرانیای نەبووە".
زێلێنسکی روونیکردەوە، حکوومەت رێکاری زیاتر بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان دەگرێتەبەر. هەروەها رایگەیاند، رێککەوتنی نوێیان لەگەڵ ئەڵمانیا و ئیسپانیا کردووە بۆ دابینکردنی مۆلیدەی کارەبا، کێبڵ و پێداویستیی دیکە.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی "لە کاتی گەشتە دەرەکییەکانمدا ئەم بابەتەم لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتان، سەرۆکی حکوومەتەکان و نوێنەری کۆمپانیاکان تاوتوێ کرد".