قەتەر: هەوڵدەدەین جەنگ دروست نەبێتەوە

ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا تەنانەت دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولیش، هەوڵ دەدات چارەسەرێک لەگەڵ ئێران بدۆزێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە لێدوانێکدا گوتی "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی ناوچەکە تووشی پێکدادانی یەکلاکەرەوە نەبێت، نێوەندگیرییەکانیشمان بۆ رێگریکردن لەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، بەردەوامن".

عەبدولڕەحمان ئال سانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، لە هەفتەکانی رابردوودا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا کاریان کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە. گوتیشی، ناتوانن چاوەڕێی ساتێک بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتی، بەڵکو هیوادارن بگەن بە رێککەوتنێکی باش و هەمیشەیی.

وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختیکردەوە، نابێت گوێ لە دەنگی ئەو توندڕەوانە بگرن کە دەیانەوێت پرۆسەی دانوستانەکان بە بارمتە بگرن، هەروەها باسی لەوەش کرد، کارێکی زۆریان کردووە و پێیوایە دەتوانن بگەن بە سازان.

سەرۆکوەزیرانی قەتەر دووپاتیکردەوە، ناکرێت پرسی ئێران بەبێ چارەسەر بەجێبهێڵدرێت و ناوچەکەش توانای ئەوەی نییە بەرگەی قۆناخێکی دیکەی پێکدادان بگرێت، چونکە قۆناخی کۆتایی پێکدادانەکان هیچ شتێکی باشی بۆ ناوچەکە پێشکەش نەکرد.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسێوس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێستا ئامادەیە دەرفەت بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران بڕەخسێنێت.

هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە دوو هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی کەسی بەشداریی لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدا کردووە، بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بۆ راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران.