دانیشتووانی زەعفەرانییەی بەغدا لە کەمتەرخەمییەکانی حکوومەت بێزارن

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانباریندا، قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە بەغدا و قەزا و ناحییەکانی دەوروبەری سەری هەڵداوەتەوە. ناوچەی زەعفەرانییە لە باشووری بەغدا یەکێکە لەو ناوچانەی دانیشتووانەکەی بەدەست قیرتاونەکردن و کۆنکرێت نەکردنی کۆڵانەکانیانەوە گرفتارن و رۆژانە بەهۆی بارانەوە لەناو قوڕ و لیتەدا هاتوچۆ دەکەن.

زەعفەرانییە بە کەمێ بارانبارین کۆڵانەکانی دەبنە قوڕ و لیتە، هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە ساڵانێکە داوای سەرەتاییترین مافی خۆیان دەکەن کە قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی شەقامەکانیانە، بەڵام بە گوتەی دانیشتووانەکەی، بەڵێنەکانی بەرپرسان تەنیا لەسەر کاغەز ماونەتەوە.

سەیف محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوچەی زەعفەرانییە بە کوردستان24ـی راگەیاند، قوتابی و بەتەمەنمان هەیە کە لە وەرزی زستاندا ناتوانن بێنە بەردەرگا. ئەو بەرپرسانەی تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا سەردانمان دەکەن و داوای دەنگمان لێ دەکەن، ئێستا ون بوون و هەستیان بە کێشەکانی ئێمە ناکەن.

کێشەی زەعفەرانییە نموونەیەکی بچووکی ئەو واقیعە سەختەیە کە زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری بەغدا تێیدا دەژین. لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵاتی پایتەخت، سەدان گەڕەک هەن کە تا ئێستاش تۆڕی ئاوەڕۆ و ژێرخانی سەرەتایی و تەنانەت قوتابخانەیان نییە و لەگەڵ هەر شەپۆلێکی بارانباریندا ژیانیان ئیفلیج دەبێت.

سامی عەنوش، کە هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیەیە گوتی: "لە رۆژانی بارانباریندا ژنە شەهیدێک منداڵەکانی خستبووە ژێر عەباکەی و دەیانبرد بۆ قوتابخانە، لە کاتێکدا هەموو گیانیان قوڕ بوو. ئێمە تەنیا داوای کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانمان کردووە، چونکە ئاو و کارەبامان بە تێچووی خۆمان راکێشاوە."

سەراج غازی، هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: "ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبامان لەسەر حسابی خۆمان بۆ گەڕەکەکە راکێشاوە، بەڵام توانای داراییمان بۆ کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکان نییە و دەبێت حکوومەت ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت."

سەرەڕای ئەوەی ساڵانە بودجەیەکی زۆر بۆ خزمەتگوزارییەکان تەرخان دەکرێت، دانیشتووانی ئەم ناوچانە داوای چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانیان دەکەن، تا بتوانن وەک ناوچەیەکی شارستانی لە قوڕ و لیتەی وەرزی زستان رزگاریان ببێت.