عێراقچی لە 48 کاتژمێردا لەگەڵ بەرپرسانی 12 وڵات قسەی کرد
وەزیری دەرەوەی ئێران لە 48 کاتژمێری رابردوودا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ 12 وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کردووە، تاوەکو مەترسییەکانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێ بکەن.
عەباس عێراقچی، وەزیری لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عومان، میسر، ئوردن، سعوودییە، قەتەر، قوبرس، تورکیا، کوەیت، ئیمارات، تونس، عێراق و پاکستان دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تاوتوێ کردووە.
عێراقچی ئاماژەی بەوە دا، لێکەوتەی کردەوە گرژییخوازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەگەڵ ئەو بەرپرسانە تاوتوێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییانەدا جەختی لە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی وڵاتان و راگرتنی هەڕەشە و دەستدرێژییەکان و دەستوەرنەدانی هێزە دەرەکییەکان کردووەتەوە.
هەروەها عەباس عێراقچی گوتی، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە رێگری لە تەشەنەسەندنی نائارامی بکەن و دەرفەت بۆ رێککەوتنی ئەمنیی هەرێمی بەبێ دەستوەردانی دەرەکی بڕەخسێنن.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد عەبدولڕەحمان سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کۆتایی.
سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بە پێویستی دەزانێت، هەردوولا لەبری گەڕان بەدوای رێککەوتنێکی نموونەییدا، رازیبن بن بە رێککەوتنێکی گونجاو.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆخێکی چاوەڕوانی باڵی بەسەر ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کێشاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیار لەبارەی هێرشی نوێ دەدات.