لە 12 ساڵی رابردوودا عێراق مووچەی هەشت ساڵی کوردستانی نەناردووە
حکوومەتی فیدراڵ لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2025 تەنیا 2.04%ـی کۆی گشتیی بودجەی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و زیاتر لە 105 ترلیۆن دینار شایستەی دارایی قەرزداری هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ شەممە، 07ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی تایبەتی بە ناوی "ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە لە نێوان 2014-2025" بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکە وردەکارییەکی شۆکهێنەری لەسەر مامەڵەی دارایی بەغدا بەرامبەر بە هەولێر تێدایە و ئاشکرای دەکات کە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان دەرەنجامی سیاسەتێکی سیستماتیکی بەغدایە، نەک پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنەکان.
لە 146 ترلیۆنەوە بۆ تەنیا 41 ترلیۆن دینار
بەپێی خشتە فەرمییەکانی راپۆرتەکە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر کاغەز و بەپێی یاساکانی بودجە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا دەبووایە 146 ترلیۆن دینار بێت؛ بەڵام لە واقیعدا حکوومەتی عێراق تەنیا 41 ترلیۆن دیناری ناردووە.
تێکڕای ئەو رێژەیەی نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا (2.04%)ـی کۆی گشتیی بودجەی عێراق بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 تا 2017 بە 17% دیاریکرابوو، دواتریش کەمکرایەوە بۆ 12.67%.
مووچەخۆران باجەکەیان داوە: 8 ساڵ بێ بودجە
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، لە کۆی 144 مانگ (12 ساڵ)، ئەو 41 ترلیۆن دینارەی بەغدا ناردوویەتی تەنیا بەشی نزیکەی 4 ساڵ مووچەی کردووە و 8 ساڵی بەتەواوی نەناردووە. بە دیاریکراوی، لەم ماوەیەدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 46 مانگ بەتەواوی بێ مووچە بوون، بەهۆی ئەوەی بەغدا پارەی بڕیوە.
لە خشتەی ساڵانەی راپۆرتەکەدا هاتووە:
1. لە ساڵی 2014 ئەو بڕەی نێردراوە 2.28 ترلیۆن دینار بووە و بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگ خەرج کراوە.
2. لە ساڵی 2015 ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە 2.4 ترلیۆن دینار بووە و بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگ خەرج کراوە.
3. لە یاساکانی بودجەی حکوومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2015 و بەدواوە، بەبێ رەزامەندیی حکوومەتی هەرێم، تەنیا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی خەرجییە کردارییەکان هەژمار کرا، هەروەها خەرجییە سەروەرییەکان لە 10 بڕگەوە کران بە 100 بڕگە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کات بۆ پێدانی مووچە و لە پێناو مسۆگەرکردنی بژێویی هاووڵاتییان، دەستی بە هەناردەکردنی نەوتی خۆی کرد.
4. لە ساڵی 2016 هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
5. لە ساڵی 2017 هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
6. لە ساڵی 2018 پشکی هەرێمی کوردستان لە 17٪ـەوە بۆ 12.67٪ کەمکرایەوە و لەو ساڵەدا 2.8 ترلیۆن دینار نێردراوە و بۆ مووچەی سێ مانگ خەرج کراوە.
7. ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2019 نێردراوە 5.3 ترلیۆن دینار بووە و بۆ مووچەی شەش مانگ خەرج کراوە.
8. لە ساڵی 2020 یاسای بودجە دەرنەکرا و بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بودجە خەرج کرا، لەو ساڵەدا بڕی 2.1 ترلیۆن دینار نێردراوە و بۆ مووچەی سێ مانگ خەرج کراوە.
9. ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2021 نێردراوە 1.2 ترلیۆن دینار بووە و بۆ مووچەی یەک مانگ خەرج کراوە.
10. لە ساڵی 2022 یاسای بودجە دەرنەکرا و بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بودجە خەرج کرا، لەو ساڵەدا بڕی 400 ملیار دینار نێردراوە و بۆ مووچەی یەک مانگ خەرج کراوە.
11. ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2023 نێردراوە 4.6 ترلیۆن دینار بووە و بۆ مووچەی پێنج مانگ خەرج کراوە.
12. ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2024 نێردراوە 10 ترلیۆن دینار بووە و بۆ مووچەی 11 مانگ خەرج کراوە.
13. لە ساڵی 2025 پارەی نێردراو 10 ترلیۆن دینار بووە و بۆ مووچەی 10 مانگ خەرج کراوە.
14. هەرێمی کوردستان بە بڕی زیاتر لە 65 ترلیۆن دینار بەشدار بووە لە خەرجییە سەروەرییەکان، لە کاتێکدا تەنیا 41 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و هیچ بڕە پارەیەکیش لە خەرجیی سەروەری بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
یاریپێکردن بە "خەرجییە سیادییەکان" و زیانی ساڵانە
بەشێکی گرنگی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ شێوازی هەژمارکردنی پشکی هەرێم دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان (سیادی). بەغدا بە شێوازێک هاوکێشەکەی جێبەجێ کردووە کە پشکی هەرێم لە خەرجییە سیادییەکان دەبڕێت، لەبری ئەوەی خەرجییە سیادییەکان لە کۆی گشتیی بودجەی عێراق دەربهێنێت و دواتر پشکی هەرێم بدات.
ئەم یارییە ژمارەییەی بەغدا وایکردووە، تەنیا لە سێ ساڵی رابردوودا (2023-2025)، هەرێمی کوردستان 8.2 ترلیۆن دینار زەرەرمەند بێت (واتە ساڵانە 2.7 ترلیۆن دینار لە پشکی هەرێم خوراوە).
ئەمەش لە کاتێکدایە هیچ پشکێک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان تەرخان نەکراوە، بەڵکو دەبێت هەرێم لەو پشکە کەمەی خۆی مووچەی ئەوانیش بدات.
پێشێلکاریی دیمۆگرافی و دروستکردنی کێشە
حکوومەتی فیدراڵی نەک تەنیا لە رووی داراییەوە، بەڵکوو لە رووی دیمۆگرافیشەوە ستەمی کردووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2024، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (14.14%)ـی کۆی عێراقە، کەچی تێکڕای ئەوەی بە کرداری نێردراوە تەنیا (2.04%) بووە. سەرباری ئەمەش، لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، پشکی هەرێم بە بێ گوێدانە ئامارەکان بە (12.70%) دیاریکراوە.
دەرەنجامی راپۆرتەکە
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە کێشەی دارایی هەولێر و بەغدا هەرگیز کێشەی "پابەندنەبوونی هەرێم" نەبووە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو ئەمە پرۆسەیەکی سیستماتیک و مەبەستدار بووە بۆ دروستکردنی ئاستەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێم لە سادەترین ماف و شایستە داراییەکانیان.