شاندێکی باڵای کوردستان بۆ تاوتوێکردنی بودجەی 2027 دەچێتە بەغدا
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجەی ساڵی 2027 و چەند کێشەیەکی دیکە سەردانی بەغدا دەکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی یەکشەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 گفتوگۆ دەکات.
بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە، 07ـی تشرینی دووەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەربارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی سێشەممە دواخرا. لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان لەسەر بودجە، کۆبوونەوەکە نەکرا.
دەربارەی پێکهاتەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، شێروان دووبەردانی باسی لەوە کرد، ئەمجارە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە نێو شاندەکەدا دەبێت و بڕیارە لەگەڵ سێ وەزیری عێراق تایبەت بە وەزارەتەکانی نەوت، دارایی و ئاوەدانکردنەوە کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی چەندین پرسی دیکە جگە لە بودجە تاوتوێ بکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد، ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر پرسی مووچە نین، بەڵکوو پرسەکانی ئەسیکۆدا، داهاتی ناوخۆ و نەوت تاوەکو ئێستا ناکۆکییان لەسەرە و پێویستییان بە گفتوگۆی زیاترە.
بەپێی بنەما یاساییەکان دەبێت بودجە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی عێراق دابەش بکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئامارەکانی سەرژمێری بێت، واتە رێژەی 14.14%ـی بودجەی گشتی بۆ تەرخان بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نەکراوە. حکوومەتی عێراق پشکی کوردستانی بە 12.67% دیاری کردووە و مەرجی هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە. لە بەرانبەردا، هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکەکەی 14% بێت لە بودجەی گشتیی عێراق و شاندەکەی جەختی کردووەتەوە، ناتوانن رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی 2027، بڕی 13 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی مووچە و خەرجییەکانی ناکات.
لە لایەکی دیکەوە کوردستان24 زانیویەتی، داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2027 بە 174 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە و خەرجییەکانیش دەگەنە 217 تریلیۆن دینار. بەمەش 43 تریلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجەدا دروست دەبێت و بڕیارە حکوومەت لە رێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە پڕی بکاتەوە.
دواجار ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاساکە پەسەند بکات، رەوانەی پەرلەمانی عێراقی دەکات تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.