ئەپڵ بۆ کارمەندەکانی: رۆژانە لە 25 دۆلار زیاتر پارە لە ژیریی دەستکرد خەرج مەکەن
کۆمپانیای ئەپڵ بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تێچووە داراییەکان، سنووری خەرجکردنی رۆژانەی کارمەندەکانی بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکردی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی مارک گورمان لە ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەپڵ ئەو بڕە پارەیەی دیاریکردووە کە هەر کارمەندێک دەتوانێت رۆژانە بۆ بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە خەرجی بکات. لە کاتێکدا پێشتر ئەندازیارانی کۆمپانیاکە رۆژانە مۆڵەتی خەرجکردنی 300 دۆلاریان هەبوو، ئێستا ئەو بڕە بۆ 200 دۆلار کەمکراوەتەوە و پلانیش هەیە بۆ 100 دۆلار داببەزێت. بۆ هەندێک تیمی دیکەش، پێشبینی دەکرێت سنوورەکە بۆ تەنیا 25 دۆلار لە رۆژێکدا کەمبکرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەپڵ لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەمساڵ بەپێی راپۆرتەکان، کۆمپانیاکە سزای ئەو تیمانەی دەدا کە بە رادەی پێویست پشت بە زیرەکیی دەستکرد نەدەبەستن. ئێستا سەرەڕای ئەوەی ئەپڵ جەخت لەسەر فراوانکردنی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە دەکاتەوە، بڕیاریداوە بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو مەبەستە بە توندی سنووردار بکات.
تێچووی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارەیە، چونکە ئەم ئامرازە تەکنەلۆژییانە بۆ هەر ئەرکێک پارە وەردەگرن. لەگەڵ بەکارهێنانی بەردەوامی هەزاران ئەندازیار، تێچووەکان بە خێرایی زیاد دەکەن، بە جۆرێک هەندێک کۆمپانیا مانگانە تا 7,500 دۆلار بۆ هەر کارمەندێک لەم بوارەدا خەرج دەکەن.
ئەپڵ لەم هەنگاوەدا تەنیا نییە. کۆمپانیاکانی ئوبەر، وۆڵمارت و ئەمازۆنیش دەستیان بە سنووردارکردنی ئەو بڕە پارەیە کردووە کە کارمەندەکانیان بۆ زیرەکیی دەستکرد خەرجی دەکەن.
لە ناوخۆی ئەپڵ، ئەم بڕیارە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوان بۆ کەمکردنەوەی تێچووە گشتییەکان لەژێر سەرکردایەتیی جۆن تێرنەس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە. ئەو پرۆسەیە بریتییە لە دەستلەکارکێشانەوەی سنووردار و راگرتنی پرۆسەی دامەزراندنی نوێ.
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان چەندین ساڵە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زیرەکیی دەستکرد گۆڕانکاریی ریشەیی لە کارەکاندا دروست دەکات، ئێستا ناچارن وردبینی زیاتر بۆ تێچووەکانیان بکەن.