عێراقچی لە 48 کاتژمێردا لەگەڵ بەرپرسانی 12 وڵات قسەی کرد

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران لە  48 کاتژمێری رابردوودا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ 12 وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کردووە، تاوەکو مەترسییەکانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێ بکەن.

عەباس عێراقچی، وەزیری  لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عومان، میسر، ئوردن، سعوودییە، قەتەر، قوبرس، تورکیا، کوەیت، ئیمارات، تونس، عێراق و پاکستان دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تاوتوێ کردووە.

عێراقچی ئاماژەی بەوە دا، لێکەوتەی کردەوە گرژییخوازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەگەڵ ئەو بەرپرسانە تاوتوێ کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییانەدا جەختی لە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی وڵاتان و راگرتنی هەڕەشە و دەستدرێژییەکان و دەستوەرنەدانی هێزە دەرەکییەکان کردووەتەوە. 

هەروەها عەباس عێراقچی گوتی، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە رێگری لە تەشەنەسەندنی نائارامی بکەن و دەرفەت بۆ رێککەوتنی ئەمنیی هەرێمی بەبێ دەستوەردانی دەرەکی بڕەخسێنن.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد عەبدولڕەحمان سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کۆتایی.

 سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر بە پێویستی دەزانێت، هەردوولا لەبری گەڕان بەدوای رێککەوتنێکی نموونەییدا، رازیبن بن بە رێککەوتنێکی گونجاو.

ئەمە لە کاتێکدایە، دۆخێکی چاوەڕوانی باڵی بەسەر ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کێشاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیار لەبارەی هێرشی نوێ دەدات.