گووگڵ تایبەتمەندییەکانی ژیریی دەستکرد لە هەژماری قوتابییاندا رادەگرێت
کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند، چالاکبوونی خۆکارانەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بۆ قوتابیانی قوتابخانەکان ڕادەگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی تووشی ڕەخنەی توند بووەوە بەهۆی بەردەستکردنی ئەو تایبەتمەندییانە بۆ قوتابیان، لە کاتێکدا قوتابخانەکان هێشتا لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەدا دەکەن لە ناو پۆلەکاندا.
بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییانەی گووگڵ ڕایگەیاندوون، کارکردنی مۆدێلی ژیریی دەستکردی "جێمینای" و تایبەتمەندییە تێکەڵکراوەکانی لە هەردوو ئەپڵیکەیشنی "نوتبووک" و "کلاسرووم" بۆ قوتابیانی قۆناخەکانی خوێندن (لە باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12) رادەگیرێت، تا ئەو کاتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان چالاکی دەکەنەوە.
گووگڵ رایگەیاندووە ئەم رێکارە نوێیانە لەسەر ئاستی جیهان جێبەجێ دەکرێن و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەست پێ دەکەن. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 150 ملیۆن قوتابی لە سەرانسەری جیهاندا سەکۆی "گووگڵ کلاسروم" بەکاردێنن.
لەمبارەیەوە كریس فیلیپس، جێگری سەرۆکی گووگڵ بۆ کاروباری پەروەردە روونی کردەوە، گەڕان و ژیریی دەستکرد بە قووڵی تێکەڵکراون، بۆیە ئەگەر قوتابخانەیەک بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد قەدەخە بکات، قوتابیان ناتوانن دەستیان بە بزوێنەری گەڕانی گووگڵ بگات.
لای خۆشییەوە زەهران مەمدانی، شارەوانیی نیویۆرک بە توندی رەخنەی لە گووگڵ گرت و رایگەیاند، نابێت هیچ کۆمپانیایەک دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت دیاری بکات منداڵەکانمان چۆن پەروەردە دەکرێن.
گووگڵ جەختی کردووەتەوە لەوەی ئاگاداری نیگەرانییەکانە سەبارەت بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن قوتابیانەوە بۆ ئاسانکاری و کورتکردنەوەی ئەرکەکانی قوتابخانە، بۆیە ئەم گۆڕانکارییانە دەسەڵاتی زیاتر بە قوتابخانەکان دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.