بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە؛ سبەی لەو شوێنانە دەبێتە پشوو
قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە چەمچەماڵ، دەربەندیخان و دووکان رایانگەیاند کە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بەهێزیی شەپۆلی بارانبارینەوە، بڕیاریان داوە سبەی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکانیان پشووی فەرمی بێت و تاقیکردنەوەکانیش بۆ رۆژی دواتر دەواخڕێن.
لە راگەیەندراوێکدا، قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئاگاداری سەرجەم قوتابییان و خوێندکارانی سنوورەکەی کردەوە: "بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، بە راوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و لەسەر فەرمانی قایمقامی چەمچەماڵ، بڕیاردرا سبەی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە پەروەردەی چەمچەماڵ پشووی فەرمی بێت."
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو تاقیکردنەوانەی بڕیار بوو سبەی یەکشەممە ئەنجام بدرێن، بۆ رۆژی دواتر دواخران.
دەربەندیخان
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەربەندیخان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای راوێژ لە نێوان هاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردە و ئامانج محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان، بەهۆی ناجێگیریی رەوشی کەشوهەواوە بڕیاردرا سبەی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، دەوامی فەرمی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پەروەردەی قەزاکە ڕابگیرێت.
دووکان
هاوکات لە راگەیەندراوێکی هاوشێوەدا، بەڕێوەبەری پەروەردەی دووکان دوای راوێژ لەگەڵ قایمقامی قەزاکە رایگەیاند، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە سبەی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پەروەردەی دووکان دەبێتە پشووی فەرمی.
کۆیە
راگەیاندنی پەروەردەی کۆیە ئاشکرای کرد: "بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە و لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان، قوتابیان و خوێندکاران، دوای راوێژکردنی مامۆستا کارۆخ مەجید میرخان، بەڕێوەبەری پەروەردە لەگەڵ تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە، بڕیاردرا سبەی یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن (حکوومی و ناحکوومی) لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کۆیە پشووی فەرمی بێت."
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین بۆ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە ئامادەکاری و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەزگا خزمەتگوزارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ئارادایە؛ هەروەها لە بەشیک لە گەڕەک و ناوچەکانی هەولێر ئاو کۆبووتەوە و چووەتە نێو ماڵی هاووڵاتییان.