رێبوار تەها: سبەی لە ناوەندەکانی خوێندنی کەرکووک پشووە

بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بەردەوامیی شەپۆلی بارانبارین، ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا سبەی یەکشەممە لە سەرجەم قوتابخانە و باخچەکانی ساوایانی سنووری پارێزگاکەدا بکرێتە پشووی فەرمی، هاوکات سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.

رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوای ئێستا و پشتبەستن بە راپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی کەشناسی کە جەختیان لە بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپەستانی کەشوهەوا لەسەر کەرکووک و دەوروبەری کردووەتەوە؛ بڕیارمان دا سبەی یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە سەرجەم قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایان بکرێتە پشووی فەرمی، هاوکات سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەرکردنی ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی گیان و سەلامەتیی قوتابییان و منداڵاندایە، بە تایبەت ئەوانەی لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکاندا نیشتەجێن و بەهۆی لافاوەوە رووبەڕووی ئاستەنگی هاتوچۆ دەبنەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، داوا لە خەڵکی کەرکووک، بە تایبەتی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر رێڕەوی رووباری زاب و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی لافاویان هەیە دەکەین، لێیان دووربکەونەوە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانیان؛ هەروەها داوا لە شۆفێرانی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان دەکەین لە کاتی هاتوچۆکردن لەسەر رێگە دەرەکییەکاندا وریابن و ئاگایان لەخۆیان بێت.