ئایزنکۆت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئیسرائیل راسپێردرا
دیوانی سەرۆکایەتیی ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی وڵات، گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی پارتی یەشار رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئیسرائیل، دوای ئەوەی توانی زۆرینەی پێویستی کورسییەکانی کنێست لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو بەدەستبهێنێت.
شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی ئیسرائیل، لە کۆی 120 ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، 67 پەرلەمانتار پێشنیازیان کردووە کە گادی ئایزنکۆت ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی پێبسپێردرێت، لە کاتێکدا بلۆکەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، تەنیا پشتیوانیی 46 کورسیی هەبوو؛ بەمەش ئایزنکۆت بە ئاسانی زۆرینەی پێویست کە 61 کورسییە تێدەپەڕێنێت.
ئایزنکۆت رۆژی 8ـی تشرینی دووەم لە کاتژمێر 5ـی ئێوارەدا بە فەرمی داواکاری پێکهێنانی کابینەکەی وەردەگرێت و 28 رۆژی لە بەردەم دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، کە بەپێی یاساش ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ14 رۆژی دیکە هەیە.
هاوکات لەگەڵ راسپاردنیدا، گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی پارتی یەشار و فەرماندەی پێشووی سوپای ئیسرائیل، هێرشی توندی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ و رایگەیاند: "ناتانیاهۆ ناوخۆی ئیسرائیلی لێکترازاند و خەڵکی لە دژی یەکتر هاندا. ئەو تەنیا ئەو کاتە وشەی 'یەکگرتوو' بەکاردەهێنێت کە دەزانێت مانەوەی وەک سەرۆکوەزیران لە کۆتا ڕۆژەکانیدایە."
ئایزنکۆت گوتیشی: "یەکگرتوویی بۆ وڵات زۆر گرنگە، بەڵام ناتانیاهۆ بە شێوازێکی سیستماتیک و بە مەبەست لە دژی کاری کرد، تەنانەت لە سەختترین جەنگیش لە مێژووی ئیسرائیلدا. ناتانیاهۆ پابەندی ئەو رێککەوتنانەش نەبوو کە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانی واژۆی کردبوون؛ سەرۆکی ئەو حکوومەتە کارەساتبارە شکستی هێنا کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس بهێنێت و تەنیا لە دابەشکردنی ناوخۆی ئیسرائیلدا نایاب بوو."
سەرکردەی پارتی یەشار مەرجەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە، لە حکوومەتە نائاساییەکەیدا تەنیا ئەو پارتانە بەشدار دەبن کە دان بە چوار کارە لەپێشینەکەی ئەودا دەنێن، لە سەروویانەوە: ناساندنی بزووتنەوەی حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی و پابەندبوون بە لەناوبردنی دەسەڵاتەکەی و توانای سەربازییەکانی.
هاوکات ئایزنکۆت داوای لە پارتی لیکود کرد هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ راستڕەوە توندڕەوەکان هەڵوەشێنێتەوە، ئامانجەکانی کابینەکەی ئەو قبووڵ بکات و لە حکوومەتەکەدا بەشدار بێت، و گوتیشی: "ناتانیاهۆ نەیتوانی ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت، بۆیە لەو پێگەیەدا نییە وانە بە خەڵک بڵێتەوە."
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هاتن کە ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هۆشداریی دابوو لەوەی هەر هاوپەیمانییەکی ئۆپۆزیسیۆن بە پشتبەستن بە پارتە عەرەبییەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوەوە هەڵدەوەشێنێتەوە، و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی لە نێوان پارتە زایۆنییەکاندا کردبوو بەبێ ئەوەی پێداگری بکات کە مەرج بێت خۆی سەرۆکایەتیی بکات.
لە هەڵبژاردنی کنێست کە لە 27ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، بلۆکەکەی گادی ئایزنکۆت سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد و 67 کورسیی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا بلۆکەکەی نەتانیاهۆ بۆ 46 کورسی پاشەکشەی کرد، بەمەش ئایزنکۆت یەکەم هەلی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی درێژخایەنی نەتانیاهۆ لە ئیسرائیلدا.