ئومێد خۆشناو: سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەولێر پشووە
پارێزگاری هەولێر، بەهۆی لێکەوتەکانی شەپۆلی بارانبارین و زیانگەیشتن بە بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەکە، بڕیاری دا سبەی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ بکرێتە پشووی فەرمی، هاوکات دەسەڵاتی بەخشییە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان تاوەکو غیاب بۆ ئەو فەرمانبەرانە تۆمار نەکەن کە بەهۆی بارانبارینەوە زیانیان بەرکەوتووە.
شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بە زیانەکانی شەپۆلی بارانبارینی ئەمشەو کرد و سێ بڕیاری بە پەلەی لەبارەی راگرتنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، دەوامی فەرمانبەران و ئامادەباشیی تیمە خزمەتگوزارییەکان دەرکرد.
لە راگەیەنراوەکەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە: بەهۆی بارانێکی زۆرەوە، بەداخەوە چەندین گەڕەک و شوێنی شارەکە زیانیان پێگەیشتووە و ئاوێکی زۆر چووەتە ناو ماڵان، هاوکات تەواوی تیمەکانی حکوومەت لە ئێشکگریی بەردەوامدان و لە خزمەتی هاووڵاتییاندان.
پارێزگاری هەولێر روونی کردەوە، هەرچەندە ئێستا باران وەستاوە، بەڵام لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ کارکردنی تیمە مەیدانییەکان، دوای هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، ئەم بڕیارانەمان دا:
-سبەی یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ، بە کەرتی حکوومی و تایبەتەوە، دەبێتە پشووی فەرمی.
-سەرجەم بەڕێوەبەری فەرمانگەکان دەسەڵاتیان پێدراوە؛ هەر فەرمانبەرێک کە ئەمشەو ئاو چووبێتە ناو ماڵەکەی، یاخود بەهۆی ئاستەنگیی هاتوچۆوە نەتوانێت بەیانی دەوام بکات، غیاب نەدرێت و ئەو رۆژەی وەک پشوو بۆ هەژمار بکرێت.
-تەواوی کارمەند و فەرمانبەرانی لایەنە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی بەهاناوەچوون، لە ئەرک و ئێشکگریی بەردەوامدا دەبن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان.
لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.
بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.