پارێزگاری سلێمانی: دڵ و هۆش و بیرمان لەگەڵ پارێزگای هەولێرە
پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا ئامادەیی و پشتیوانیی تەواوی خەڵک و حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکەی بۆ هەر ئەرک، هەرەوەزی و هاوکارییەک لەگەڵ پارێزگای هەولێر دووپاتکردەوە.
شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامەکەیدا، رایگەیاند: "وەک پارێزگای سلێمانی، دڵ و هۆش و بیرمان لەگەڵ پارێزگای هەولێری پایتەختی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و هەر شوێنێکی ئەم کوردستان و نیشتمانەیە، لەگەڵ نزاکانماندا، ئامادەیی و پشتیوانیی تەواوی خەڵک و حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی بۆ هەر ئەرک و هەرەوەزی و هەماهەنگی و هاوکارییەکی پارێزگای هەولێر دووپات دەکەینەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: داواخوازین لە خوای گەورە ئەم بارانەمان بۆ بکاتە بارانی رەحمەت و، هەمووان لە هەر زەحمەت و کارەسات و رووداوێکی نەخوازراو بپارێزێت.
هەروەها بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگاری سلێمانی، ئەمشەو شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا؛ هەڤاڵ ئەبوبەکر لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دواوە و تێیدا ئامادەیی تەواوی خەڵک و حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی بۆ هەر پشتیوانی، ئەرک، هەرەوەزی، هەماهەنگی و هاوکارییەکی پارێزگای هەولێر دەربڕیوە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان هەردوو پارێزگار هاوکاتە لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین بۆ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە ئامادەکاری و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان دەزگا خزمەتگوزارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە ئارادایە؛ هەروەها لە بەشیک لە گەڕەک و ناوچەکانی هەولێر ئاو کۆبووتەوە و چووەتە نێو ماڵی هاووڵاتییان.