شارەوانی هەولێر: لافاوەکە زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتووەتەوە

کارزان هادی: هێشتا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەژێر ئاودان

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەی شارەکەوە زیانی گیانی و مادیی بەرچاو بەر ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی کەوتووە، هاوکات تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوە و سەرژمێریکردنی سەرجەم زیانەکانن.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی کارمەندانی شارەوانی زیاتر لە 600 کارمەندە بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش کردووە بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاو و ئاوەڕۆکان.

روونیشی کردەوە: بەداخەوە لافاوەکە زیانی گیانی هەبووە، هاوکات زیانێکی زۆری مادییش بەر ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی کەوتووە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی بەردەوامیی کارەکان، ئاماری ورد و کۆتایی زیانەکان بەردەست نییە.

سەبارەت بە زیانی ئۆتۆمبێلەکان، سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند؛ ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە و لە هەندێک شوێن، لەوانە 'نەفەقی رزگاری'، تا ئێستاش ئۆتۆمبێل لەژێر ئاودا ماونەتەوە،

جەختیشی کردەوە، تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان تا تەواوی ئەو شوێنانە پاک بکەنەوە و ئاستەنگی هاتوچۆ نەهێڵن.

ئێوارەی دوێنێ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.

بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.