باوکی منداڵە 5 ساڵییەکەی هەولێر قسە بۆ کوردستان24 دەکات

باوکی ئەو منداڵە تەمەن پێنج ساڵانەی لە پەنگخواردنەوەکەی ئاوی هەولێر گیانی لەدەست دا، وردەکاریی رووداوەکە دەگێڕێتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24، سەرکەوت ئیبراهیم، باوکی مستەفای تەمەن پێنج ساڵان، کە بەهۆی پەنگخواردنەوەکەی ئاوی شەوی رابردووی شاری هەولێرەوە گیانی لەدەست دا؛ چیرۆکی گیانلەدستدانی کوڕەکەی گێڕایەوە.

ئەو، گوتی، لە نێوان کاتژمێر 06:00 بۆ 06:30ـی ئێوارە لە دوکانەکەی لە هەولێری نوێ گەڕاوەتەوە. کاتێک گەیشتووەتە فلکەی هەولێری نوێ، بڕێکی زۆر لە ئاو هاتووە و هێزی ئاوەکە زۆر خێرا بووە و ئۆتۆمبێلەکەی بردووەتە نێو کەندێکەوە. پێش ئەوانیش دوو بۆ سێ ئۆتۆمبێلی دیکە کەوتبوونە نێو هەمان کەندەوە. 

سەرکەوت باسی لەوەش کرد، لەو کاتەدا تەنیا خۆی و مستەفای کوڕی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون. روونیشی کردەوە، لەو کاتەدا هەمووان "مشاوش بوون" و بە مستەفای کوڕی گوتووە، مەترسە هیچ نابێت،  کوڕەکەیشی پێی گوتووە، "ئەدی بابە ئەگەر مردین". 

سەبارەت بە دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەی، باوکەکە ئاماژەی بەوە دا، دوای رووداوەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی و پارێزگاری هەولێر گەیشتوونەتە شوێنەکە و لە ماوەی نیو کاتژمێر بۆ 40 خولەکدا تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026ەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم گەیشتە لووتکە. بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران لە ماوەیەکی کورتدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک و شەقامی شاری هەولێر و ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست کرد.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان مستەفای تەمەن پێنج ساڵان بوو، ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 25 ساڵ بوو لە کاتی رزگارکردنی خەڵکدا خنکا. 

بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و رەخساندنی دەرفەت بۆ تیمەکانی شارەوانی بۆ خاوێنکردنەوەی شەقامەکان، پارێزگای هەولێر بڕیاری دا رۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەم لە سەرجەم باخچە، قوتابخانە و زانکۆکان پشووی فەرمی بێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرجەم تیمەکانی فریاگوزاری و قەیرانەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و کەمکردنەوەی زیانەکان.