سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر دەکات

سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی وردی بۆ لێکەوتە و زیانەکانی لافاوەکەی شەوی رابردووی شارەکە کرد؛ هاوکات وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بە زووترین کات هەموو هاوکاری و پێداویستییەک پێشکەشی زیانلێکەوتووان بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکه‌ی شەوی رابردوو لە هەولێر کرد، هەروەها زیانەکانی لافاوەکەی، به‌تایبه‌تی زیانه‌کانی هاووڵاتییانی، تاوتوێ کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای هاوخه‌می و پێشکه‌شکردنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ خێزان و که‌سوکاری قوربانییانی لافاوه‌که‌، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست بۆ لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان، هاوکات گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی لافاوەکە.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر روونکردنەوەیەکی دەربارەی دۆخەکە، قەبارەی زیانەکان و ئه‌و رێکارانه‌ی گیراونه‌ته‌ به‌ر پێشکەش کرد، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە بۆ بەدواداچوون و بایەخدانی بەردەوامی بە رەوشی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان.