فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کوڕی ئەمینداری حزبوڵڵای عێراق دەرچووە

دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە بەغدا، فەرمانێکی دەستگیرکردن و پشکنینی بەپەلەی بە تۆمەتی "تیرۆر و سەرکردایەتیکردنی گرووپێکی چەکدار" بۆ حوسێن ئەحمەد موحسین فەرەج حمێداوی دەرکرد، کە کوڕی ئەحمەد حمێداوی ناسراو بە ئەبو حوسێن، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کە لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا/رەسافە - دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی دەرچووە، فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین بۆ حوسێن ئەحمەد موحسین فەرەج حومەیداوی دەرکراوە.

تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1994ـە و دانیشتووی بەلەدیاتی بەغدایە. حمێداوی کوڕی ئەحمەد موحسین حمێداوییە، کە وەک فەرماندە و ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق ناسراوە.

لە پوختەی فەرمانە دادوەرییەکەدا هاتووە، تۆمەتبار رووبەڕووی تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی گرووپێکی چەکدار بووەتەوە کە بە توندوتیژی و هەڕەشە کاریان کردووە. ئامانجی ئەو گرووپە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لەنێو خەڵک، خستنە مەترسیی ژیان و ئازادی و ئاسایشی هاووڵاتییان و دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی تایبەتییان بووە.

بەو هۆیەوە، دۆسیەکە خراوەتە چوارچێوەی کەیسی تیرۆر. ئەمەش بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4/1 و بە پشتبەستن بە ماددەی 2 بڕگەی 1 و 3 لە یاسای دژە تیرۆری عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2005 پۆلێن کراوە.

دادوەر جەبار عەبد دەلی لەسەر سکاڵای مافی گشتی و هاووڵاتییەک بە ناوی راهی کەریم جەبر فەرمانەکەی دەرکردووە. فەرمانەکە ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی دەسەڵاتی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس کراوە تا دەستبەجێ حمێداوی دەستگیر بکەن و بە دەستبەسەرکراوی رادەستی نووسینگەی لێکۆڵەری دادوەریی تایبەت بە کەیسەکانی دەزگای دژە تیرۆری بکەن.