تورکیا و بەریتانیا هاوخەمیی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووانی هەولێر رادەگەیەنن

کونسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە هەولێر ئەمڕۆ بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە هەولێر و دەوروبەری، کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

کونسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە پەیامەکەیدا هاوخەمیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند "داواکارین خودای گەورە ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە بخاتە بەر رەحمەتی خۆی؛ سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاریان و تەواوی گەلی عێراق دەکەین".

کونسوڵخانەکە جەختی لەوەشکردەوە کە لە نزیکەوە چاودێری رەوشی هاووڵاتییان دەکەن.

هاوکات کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیاش لە هەولێر پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بیرکردنەوەیان لای ئەو خێزانانەیە کە لە لافاوەکەی ئەم دواییەدا ئازیزانیان لەدەست داوە.

کونسوڵخانەی بەریتانیا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەربڕی کە بەهۆی کەشوهەوای سەختی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانەوە زیانیان بەرکەوتووە.