بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا
دەسەڵاتدارانی سەنیگال رایانگەیاند، بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، 21 کەس گیانیان لەدەست دا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سەنیگال لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران توانیمانە تەرمی 21 کەس بدۆزینەوە و کەسێکیش رزگار کراوە.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان، رزگارکردن و هاوکاریکردنی خێزانەکان، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "لۆ سۆلای"، رووداوەکە لە کەناراوەکانی لومبول لە ناوچەی لوغا لە سنووری کەرتى کێبیمێر لە نێوان داکار و سان لویی روویداوە. رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، پێدەچێت زۆربەی قوربانییەکان دانیشتووی شاری لیۆنا و تیبی بن، کە دەکەونە هەمان ناوجە.
ساڵانە هەزاران گەنجی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقیا بە بەلەمی پڕ سەرنیشین و زۆرجار کۆن و پەککەوتوو، لە رێگەی ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە هەوڵدەدەن بگەنە ئەوروپا و بەتایبەت بەرەو دوورگەکانی کەناریی ئیسپانیا بەڕێدەکەون.
پەیوەست بەم دۆخە، دوێنێ شەممە پۆلیسی سەربازیی سەنیگال رایگەیاند، لە کەناراوەکانی داکار دەستیان بەسەر بەلەمێکی دیکەی کۆچبەراندا گرت، کە 142 کۆچبەری هەڵگرتبوو و ئافرەت و منداڵیان لەنێودا بوو، لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا بگەنە ئیسپانیا.
لە ساڵانی رابردووشدا، هەزاران کەس لەو رێگە دەریاییە مەترسیدارانەدا گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوون.