دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ماڵەکان پاک دەکەینەوە و سەرژمێریی زیانەکانی لافاوەکە دەکەین
لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراواندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەیانیی زووەوە بە شەش تیمی مەیدانی لە چەندین گەڕەکی شاری هەولێر دەستی بە بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی لافاوەکەی شەوی رابردوو کردووە، کە پاککردنەوەی ماڵ و شەقامەکان، دابەشکردنی ژەمەخۆراکی گەرم و سەرژمێریکردنی زیانەکان لەخۆدەگرێت.
یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 لە گەڕەکی هەولێری نوێ، بەرپرسی تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی روونی کردەوە، تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار گەڕەکی سەرەکی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە هەولێری نوێ، برایەتی، شێخ ئەحمەد، و سێبەردان لەگەڵ شەقامی 120 مەتری جێگیر کراون و سێ ئەرکی سەرەکی جێبەجێ دەکەن: بەهاناوەچوونی خێرا، خاوێنکردنەوەی ماڵەکان، و دابینکردنی ژەمەخۆراکی گەرم بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی ئاوچوونە ماڵەکانیان کەلوپەلەکانیان لەکارکەوتووە، هاوکات بۆ کارمەندانی تیمە خزمەتگوزارییەکانیش.
پێنج تیم بۆ خاوێنکردنەوە، کە هەر تیمێک لە 6 بۆ 8 کارمەند پێکدێت و لە پاڵ تیمەکانی شارەوانیدا کار دەکەن. بە بەکارهێنانی تانکەری ئاو و ئامێری پێویست، نێوماڵی هاووڵاتییان و شەقام و کۆڵانەکان لە قوڕولیتە و پاشماوەی لافاوەکە پاک دەکەنەوە.
تیمێکی تایبەت بە سەرژمێریی زیانەکان، کە لە 8 ئەندام پێکدێت و بە هەماهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCCC) لە پارێزگای هەولێر، لە گەڕەکەکاندا سەرقاڵی تۆمارکردن و خەمڵاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکانی هاووڵاتییان و کاسبکارانن تاوەکو راپۆرتەکە بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزبکرێتەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی پێویستیی حکوومەت و قەبارەی زیانەکان، تا ئاساییبوونەوەی تەواوی رەوشەکە و پاککردنەوەی گەڕەکەکان، تیمەکانیان لەسەر ئەرک و هاوکارییەکانیان بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی هەولێر بەردەوام دەبن.