تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبیلە ژێرئاوکەوتووەکان چەندە؟
بەهۆی ئەو لافاو و بارانبارینە بەخوڕەی سنووری شاری هەولێری گرتەوە، سەدان ئۆتۆمبێل کەوتنە ژێر ئاو یان لافاو بردیانی، ئەمەش نیگەرانی و پرسیارێکی زۆری لای هاووڵاتییان دروستکردووە سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، تێچووی چاککردنەوە و چارەنووسی بەشە ئەلیکترۆنی و میکانیکییەکانیان. دوو شارەزای بواری میکانیک و تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە لێدوانیاندا بۆ کوردستان24، زانیاری و وردەکاریی گرنگ لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ژێرئاوکەوتوو، جیاوازیی نێوان ئۆتۆمبێلی کارەبایی و بەنزین و رێگاکانی کەمکردنەوەی زیانەکان دەخەنەڕوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، رەشاد دڵشاد، شارەزا لە کێشە تەکنیکییەکان و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، قەبارەی زیانەکان راستەوخۆ دەوەستێتە سەر ئاستی بەرزیی ئەو ئاوەی دەچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە و گوتی: "ئەگەر ئاوەکە تەنیا لە ژێرەوە بێت و نەهاتبێتە ژوورەوە، تەنیا رۆنەکان پێویستیان بە گۆڕین دەبێت، بەڵام ئەگەر ئاو چووە ناو هۆڵی ئۆتۆمبێلەکە، هەرچەند ئاستەکەی بەرزتر بێتەوە تێچووەکە زۆرتر دەبێت."
ئەو شارەزایە روونی کردەوە، کۆمپانیا جیهانییەکانیش (وەک کۆپارت) بە پێوەر و سانتیمەتر ئاستی ئاوەکە دەپێون، چونکە بەپێی بەرزبوونەوەی سانتیمەکان دەزانرێت ئاوەکە گەیشتووەتە چەند ئامێر و یەکەی کۆنتڕۆڵی ئەلیکترۆنی (ECU کە لە بازاڕدا بە 'عەقڵ' ناسراوە).
رەشاد دڵشاد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی نوقم بێت، دەبێت سەرجەم عەقڵەکان (ECU) و تەلی وایەرات و بەشە ئەلیکترۆنییەکان بگۆڕدرێن، سەبارەت بە بزوێنەر (مەکینە) و گێڕیش ئەگەر زۆر لەناو ئاودا مابنەوە، بە دڵنیاییەوە ئاویان تێدەچێت و پێویستیان بە کردنەوە، پاککردنەوە، تەعمیرکردن یان تەنانەت گۆڕین دەبێت.
هاوکات باسی لەوە کرد، ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبریدەکان بەهۆی ئەوەی پاترییەکانیان لە خوارەوە جێگیر کراون و نزمن لە ئاستی زەوی، زووتر زیانیان پێدەگات و تێچووی چاککردنەوەی پاتری و سیستمەکەیان بەلایەنی کەمەوە لە نێوان 3 بۆ 4 هەزار دۆلاردایە.
لە لایەکی دیکەوە، هاوڕێ حەسەن، شارەزای میکانیکی ئۆتۆمبێل سەبارەت بە جیاوازیی نێوان جۆری ئۆتۆمبێلەکان، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 جەختی لەوە کردەوە کە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئاسایی (بەنزین) زۆر ئاسانترە بەراورد بە هایبرید و کارەبایی، چونکە لە ئۆتۆمبێلی بەنزین کێشەکە زیاتر لەسەر بزوێنەر، عەقڵ و فیشەکان کورت دەبێتەوە.
هاوڕێ حەسەن ئاماژەی بەوە دا تێچووی چاککردنەوە بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکە دەگۆڕێت و گوتی: "ئەگەر مەکینەی ئۆتۆمبێل تێکبچێت و عەقڵەکانیشی بسووتێن، ئەگەر نوێ بکرێنەوە (20 بۆ 25 وەرەقە)ی تێدەچێت، بەڵام ئەگەر هەر ئەو پارچانە چاکبکرێنەوە، تێچووەکەی دەگاتە نزیکەی 6 بۆ 7 وەرەقەی پێویستە.
هەروەها خاڵێکی دڵنیاکەرەوەشی خستەڕوو کە "خۆشبەختانە ئاوی لافاوەکەی ئێرە ئاوی سوێر نییە، بۆیە ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و چاکبکرێتەوە، ئۆتۆمبێلەکە کێشەی بۆ دروست نابێت."
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی وەک (BYD) کە لەم لافاوەدا ژمارەیەکی بەرچاویان بەر ئاو کەوتبوون، هاوڕێ حەسەن ئاشکرای کرد، کە ژمارەیەکی زۆریان لە کارگەکەی ئەوانن و بەشێکیان چاک کراونەتەوە بە تێچووی کەم کە لەنێوان 100 بۆ 150 دۆلار تا دەگاتە 400 بۆ 500 دۆلار بووە.
ئەو شارەزایە روونی کردەوە، کە نهێنیی کەمبوونەوەی زیانی بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە پەیوەست بووە بە هۆشیاریی شۆفێرەکانیان، هەروەها "ئەو شۆفێرانەی لە کاتی دروستبوونی لافاو یان پێش گەیشتنی ئاو دەستبەجێ 'سەرەپاتری'ـی 12 ڤۆڵتی ئۆتۆمبێلەکەیان لێکردووەتەوە، قازانجی گەورەیان کردووە؛ چونکە بە پچڕاندنی تەزووی کارەبای 12 ڤۆڵت، تەواوی سیستمە ئەلیکترۆنییەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە دەکوژێنەوە (Shutdown) دەبن، بەمەش کاتێک ئاو دەچێتە ناوی عەقڵ و وایەرەکان ناتەقن و ناسوتێن، دواتر بەبێ زیانێکی ئەوتۆ و تەنیا بە وشککردنەوە و پاککردنەوە چاکدەبنەوە."
لە وەڵامی ئەو دەنگۆ و ترسەی کە گوایە ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەناو ئاودا دەبێتە هۆی دروستبوونی شۆکی کارەبایی بۆ دەوروبەرەکەی، هاوڕێ حەسەن بە تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە و دووپاتی کردەوە، "هیچ مەترسییەکی لەو شێوەیە نییە، ئاوەکە تەزووی کارەبا ناگرێت و هیچ شتێکی لەو جۆرە روونادات."
رێنمایی بۆ شۆفێران؛ لە کاتی لافاودا چی بکەن؟
هەردوو شارەزاکە کۆمەڵێک رێنمایی بە پەلەیان بۆ شۆفێران خستەڕوو بۆ پاراستنی گیانیان و کەمکردنەوەی زیانی ئۆتۆمبێلەکانیان:
کوژاندنەوەی دەستبەجێ: لە کاتی چوونە ناو ئاو یان مەترسیی لافاو، دەبێت شۆفێر یەکسەر ئۆتۆمبێلەکە بکوژێنێتەوە بۆ ئەوەی بزوێنەر ئاو نەکێشێت و عەقڵەکان نەسوتێن.
لێکردنەوەی سەرەپاتری: ئەگەر کات و دەرفەت هەبوو، لێکردنەوەی سەرەپاتری بەهێزترین هەنگاوە بۆ پاراستنی عەقڵ و بەشە هەستیارەکانی ئۆتۆمبێل لە سووتان.
هەڵگرتنی چەکووشی سەلامەتی (Safety Hammer): پێویستە هەمیشە لەناو ئۆتۆمبێلدا ئەم ئامرازە هەبێت کە تیغێکی تایبەتیشی پێوەیە بۆ بڕینی قایشی سەلامەتی لە کاتی گیرخواردن.
رزگاربوون لە بەرزترین شوێن: ئەگەر ئاو گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و ئۆتۆمبێلەکەی برد، شۆفێر دەبێت سەرنج بدات کام بەشەی ئۆتۆمبێلەکەی بەرزترە لە ئاستی ئاو (بۆ نموونە ئەگەر پێشەوەی نزم بوو، جامی پشتەوە)، بە چەکووشەکە جامەکە یان سلایدی سەقفەکە بشکێنێت و خۆی رزگار بکات.
لافاوەکەی هەولێر
دوێنێ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.
بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.