سامانە سرووشتییەکان: بەغدا گازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات
لەسەر داواکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ رەزامەندیی دەربڕی لەسەر دابینکردنی بڕی پێویستی گازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆڕ دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راسپاردووە بۆ ئەوەی بڕی پێویستی غگزی شل بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆڕ دەستپێدەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی دڵنیا کردووەتەوە و دەڵێت: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا و تا گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆڕ بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، هیچ کێشە و کەموکوڕییەک لە گازی ماڵاندا دروست نەبێت."
هاوکات دوێنی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، پاش هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، سلێمانی، بازیان، چەمچەماڵ و دهۆک راگیراوە، بەم هۆیەشەوە لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوەوە کاریگەریی کەمبوونەوەی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان بە تەواوی دەردەکەوێت و بە گشتی نزیکەی 2500 تا 2800 مێگاوات کارەبا لە تۆڕەکە کەم دەبێتەوە.
سەبارەت بە پلانی وەزارەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە کتوپڕە، ئومێد ئەحمەد گوتی: "لە پێناو رێگریکردن لە روودانی کوژانەوەی گشتی (بلاک ئاوت)، وەزارەتی کارەبا لە رێگەی بەگەڕخستنی وێستگەکانی هایدرۆپاوەر لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان و ئەو وێستگانەی دەتوانرێت بە سووتەمەنیی دیکە کار بکەن، کارەبا بۆ شوێنە هەستیار و گرنگەکان وەک نەخۆشخانەکان و وێستگەکانی ئاو دابین دەکات."
دەربارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد: "ئاساییبوونەوەی دۆخەکە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ ناو وێستگەکان".