هەینیی رابردوو زەیدی و قالیباف بەنهێنی کۆبوونەتەوە

باڵیۆزی عێراق لە تاران ئاشکرای کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانێکی تایبەت و رانەگەیەندراودا لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەتەوە؛ سەردانەکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و درێژەدان بووە بە هەوڵەکانی بەغدا وەک نێوەندگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان تاران و واشنتن.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران ئاشکرای دەکات، هەینی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چەند کاتژمێرێک سەردانی تارانی کردووە و لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەبارەی جەنگی نێوان تاران و واشنتن کۆبووەتەوە.

باڵیۆزی عێراق لە ئێران بە میدیاکانی گوتووە، سەردانەکەی زەیدی تایبەت و رانەگەیێندراو بووە، ئامانجیش لەسەردانەکە کەمکردنەوەی گرژییەکان بووە لە ناوچەکەدا.

حەجاج لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتی: عێراق لە پەراوێزی ڕووداوەکانی ناوچەکەدا نییە، بەڵکو بە سەرکردایەتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانیی خۆی بە چالاکی دەجووڵێتەوە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خستووەتە گەڕ بۆ هێورکردنەوە، ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.

هاوکات سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس نیووزی ئێرانی پشتڕاستی کردەوە هەینی رابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چەند کاتژمێرێک سەردانی تارانی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە.

سەرچاوەکە گوتوویەتی، لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا کراوە؛ هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، قالیباف سوپاسی هەوڵەکانی عێراقی کردووە.

هەروەها ئاژانسی تەسنیمی ئێران رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەریی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هادی عامری، فەرماندەی فەیلەقی بەدر، سەردانی ئێرانی کردووە و لەگەڵ مەسعوود پزیشکیانیش بە جیا کۆبووەتەوە.

تەسنیم ئاماژەی بەوەش کردووە عەلی زەیدی لە دوای گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا و بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی ئێرانی کردووە و پەیامی ئەمریکای گەیاندووەتە دەسەلاتداران ئێران. سەرچاوەی تەسنیم ئەوەشی ئاشکرا کردووە زەیدی لەم سەردانەیدا نەیتوانیوە وڵامێک وەرگرێت کە بە دڵی ئەمریکییەکان بێت.

لە چەند هەفتەی رابردوودا موحسین رەزایی، سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاندبوو، شاندێکی عێراق بەمەبەستی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران سەردانی تارانیان کردووە.

لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیانکردە سەر ئێران و لە هێرشەکەدا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئەوڵاتە و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازییەکانی ئێران کوژران، دواتر ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیلی بۆردوومانکرد و شەڕی نزیکەی 40 رۆژ بەردەوامبوو، دواتر بە نێوەندگیری پاکستان، شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆبوونەوە، بەڵام دانوستاندنی ئیسلام ئاباد نەیتوانی کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و ئەمریکاش بڕیاری گەمارۆی دەریایی بەسەر تاران سەپاند و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.