شەیبانی: هیچ سەربازێکمان لە یەمەن نییە و هێز نانێرینە دەرەوە

وەزیری دەرەوەی سووریا رەتیکردەوە هیچ هێزێکی سەربازیی وڵاتەکەی لە یەمەن بێت یان پلانیان هەبێت سەرباز رەوانەی ئەو وڵاتە بکەن، هاوکات دووپاتیکردەوە کە رێککەوتنی بەرگریی نێوان دیمەشق و ریاز تەنیا بۆ سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی سعوودیە بە مەبەستی بنیاتنانەوەی سوپای سووریا.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە بوونی سەربازی سووری لە سعوودیە و یەمەن دەکرد، بە راشکاوی گوتی: "هیچ جێگیرکردنێکی سەرباز لە یەمەن لە ئارادا نییە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا هیچ پلانێک بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە بوونی نییە."

وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتننامەی هاوکاریی بەرگری لە نێوان دیمەشق و ریاز لەم مانگەدا، بەڵام "هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی شەرعیی یەمەن بۆ جێگیرکردنی هێز لەو وڵاتە نەکراوە". گوتیشی: "هەر پلانێکی سەربازی لە دەرەوەی وڵات هەبێت بە فەرمی رادەگەیەنرێت و هیچ شتێک بە نهێنی ئەنجام نادرێت."

شەیبانی سەرنجی خستە سەر گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ ریاز و گوتی، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ سعوودیە واژۆ کراوە بایەخێکی بنەڕەتیی بۆ دیمەشق هەیە تاوەکو دامەزراوەکانی وڵاتەکەی و بەتایبەت کەرتی سەربازی پاش ساڵانێکی درێژ لە جەنگ بنیات بنێتەوە، و گوتیشی: "پێویستمان بە شارەزایی سعوودیەیە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی سووریا، هەروەها خوازیاری هاوکارین لە بواری پیشەسازیی بەرگری و لەسەر ئاستی ئەکادیمی."

ئەم روونکردنەوەیەی وەزیری دەرەوەی سووریا پاش ئەوە هات کە چەند بەرپرسێکی یەمەنی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندبوو سەربازی سووری گەیشتوونەتە یەمەن و سعوودیە.

سعوودیە لە ساڵی 2015ەوە پشتیوانی لە حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن دەکات لە بەرامبەر هێرشی حووسییەکان، هاوکات دیمەشق لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، لە هەوڵی بنیاتنانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکاندایە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.