مەسرور بارزانی: لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین و هەرێمی کوردستان یەک بودجەی دەبێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، گەیشتوونەتە ئەنجامێکی زۆر باش و رێککەوتن لەسەر ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام بێت.
دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرانی دارایی و نەوت بە زۆر گرنگ و بەرهەمدار وەسف کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە جەختیان لەسەر مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و گەیشتوونەتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە دۆسیەی بودجە و شایستە داراییەکان روونی کردەوە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو رێککەوتنەی کە مووچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت، هەروەها لەسەر شایستە داراییەکانی دیکەش لێکگەیشتن و میکانیزمی گونجاو دیاری کراوە، بەتایبەت لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەک یەک هەرێم و یەک میزانیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بۆ تەواوی هەرێم تەرخان بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد و دووپاتیکردەوە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکان کۆتایی پێبهێنرێت. مەسرور بارزانی ئیدانەی بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتی کرد و هیوای خواست ئەو لێژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پێکهێنراوە بگاتە ئەنجام تاوەکو تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
دەربارەی کەرتی نەوتیش، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە هەولێر و بەغدا هاوڕان لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوبەشی نەوتی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەش دەبێت لە زیادکردنی بەرهەمی نەوت، لەو پێناوەشدا میکانیزمی پێویست بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێ کراوە.
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی:
لە سەردانی ئەمڕۆمان بۆ بەغدا کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی دارایی و نەوت و ئەو لایانانەی کە بەشداربوون لە کۆبوونەوەکە هەبوو.
جەختمان لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، لەوانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، و گەیشتووینەتە ئەنجامی زۆرباش کە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقدا دەبێت و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیشدا یە.
لەسەر بابەتی بودجە، گەیشتینە ئەو رێککەوتنە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران، کە مووچەی هەرێمی کوردستان مسۆگەر و بەردەوام دەبێت، و لەسەر شایستە داراییەکانی تریش میکانیزمی گونجاو تەفاهومی لەسەر کراوە و تێگەیشتنی باشمان هەیە، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەک یەک هەرێم و یەک میزانیە بۆ هەموو هەرێم تەرخان دەکرێ، ئەمەش جێی دڵخۆشیی ئێمە و هیوادارم هەموو خەڵکی کوردستانیش بێت.
لەسەر بابەتی کۆرمۆر، هەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە هێرشانە لەسەر کێڵگە نەوتییەکان، کێڵگە غازییەکان دەبێ کۆتاییان بێت، و ئێمە شەرمەزاری ئەو جۆرە هێرشانە دەکەین بۆ سەر هەر شوێنێک لە عێراق بەتایبەتی ئەو ژێرخانە ئابوورییانەی کە ژیانی خەڵکیان پێوە بەندە. و لیژنەی لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەم بابەتە دروستکراوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک، و هیوادارین دوای ئەوە هەر تاوانبارێک لەو بابەتە بەدەرکەوت بە سزای یاسایی خۆی بگات.
لەسەر بابەتی نەوتیش دیسان رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە سیاسەتێکی نەوتی لە هەموو عێراق، ئێمە هاوبەش بین لەگەڵیان و لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمە نەوتییەکانین لە هەموو عێراقدا، و لەسەر ئەوەش میکانیزمی پێویست باسی لەسەر کراوە کە چۆن بتوانین زیاتر هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بکەین.