خۆران خۆرانی: هەر خاوەن مۆلیدەیەک پابەندی خشتەی دیاری کراو نەبێت سزا دەدرێت
پارێزگای هەولێر خشتەیەکی بۆ کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان بڵاوکردەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان داوا لە هاووڵاتیان دەکات، هەر مۆلیدەیەک پابەند نەبوو پەیوەندییان پێوە بکات
ئەمڕۆ سێشممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، پارێزگای هەولێر، بە مەبەستی رێکخستنەوەی دۆخی کارەبا و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان، خشتەیەکی نوێی بۆ کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان راگەیاند، بەپێی ئەم خشتەیە، خاوەن مۆلیدەکان پابەندن لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا، لە دوو ماوەی دیاریکراودا مۆلیدەکانیان کارپێبکەن.
بەگوێرەی خشتە نوێیەکە، مۆلیدە ئەهلییەکان دەبێت لە کاتژمێر 07:00 تا 09:00ـی بەیانی و لە کاتژمێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ تا 01:00ـی شەو کار بکەن.
لای خۆیەوە خۆران خۆرانی، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: سەرجەم خاوەن مۆلیدەکان پابەندی بڕیارەکە بوون، ئەو مۆلیدانەی لە کاتی دیاریکراودا کار نەکەن، رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
هەروەها سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان داوای لە هاووڵاتیان کرد، ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا کارەبای مۆلیدەیان نەبوو، پەیوەندی بە ژمارەکانی کۆمەڵەکەوە بکەن، تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکرێت و کێشەکە چارەسەر بکرێت.
ژمارەی پەیوەندی:
07504552625
07504301131
07504871466
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی تەقینەوە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەرهەمێنانی گاز راگیرا بەوهۆیەوە کارەبایی نیشتمانی 6 تا 8 کاژمێر کەمی کرد.