سوپای پاسداران: دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز گڕیان گرت

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر  هەوڵیاندا بە نایاسایی لە گەرووی هورمز تێپەڕن، بەلام بەر مینی دەریایی کەوتن و تەقینەوە.

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد،  کەشتییەکیان بەهاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمەریکادا هەوڵی داوە لەو رێڕەوە "نایاساییە" تێپەڕێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، کەشتیی دووەم تووشی رووداوێک بووە و بەو هۆیەوە لە شوێنی خۆیدا پەکی کەوتووە و ئاگرێکی گەورەی لێ کەوتووەتەوە. هەروەها روونی کردەوە، هەردوو کەشتییەکە سەرجەم سیستەمە گەشتیارییەکانیان (ڕادار و سیستەمی ئاراستەکردن) کوژاندبووەوە بۆ ئەوەی بە نهێنی تێپەڕن و لە ئێستادا لە بەرامبەر کەناراوەکانی باشووردا دەسووتێن.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران جارێکی تر هۆشداری دا "ئەو رێڕەوە بێمۆڵەتە سەلامەت نییە"، و جەختیکردەەوە، هەر کەشتییەک هاوکاریی سوپای ئەمەریکا بکات، هەمان چارەنووسی دەبێت.

رۆژی دووشەممە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، سیستەمەکانی کەشتیوانی"دوژمن"یان لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز لەناوبردووە، و جەختیشی کردبووەوە کە لە ڕۆژی یەکشەممەدا هیچ کەشتییەکی سەرپێچیکار نەیتوانیوە تێپەڕ بێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو، قاچاخچێتیی نەوت لە رێڕەوی باشووری گەرووەکەدا بە تەواوی وەستاوە.