هێگسێت: هەوڵی لەسەرکار لادانم، لێدانە لە سەربازانی ئەمریکا
"کێشەی نەیارەکانمان لە کۆنگرێس تەنیا سیاسییە"
وەزیری جەنگی ئەمریکا، وێڕای وەسفکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ئێران بە "سەرکەوتنێکی مێژوویی بێپێشینە"، ئاشکرای کرد، لە کەمتر لە 40 رۆژدا زیاتر لە 13 هەزار ئامانجیان پێکاوە و تەواوی کەشتیگەلی دەریایی ئێرانیان نوقم کردووە، هاوکات هەوڵەکانی کۆنگرێسی بۆ لێپێچینەوە و دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بە "شانۆگەریی سیاسی" ناوبرد.
سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، زنجیرەیەک لێدوانی توند و یەکلاکەرەوەی لە بارەی دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گورزە ستراتیژییەکان بۆ سەر ئێران و، هەوڵەکانی بەشێک لە یاسادانەرانی کۆنگرێس بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی خستەڕوو.
پیت هێگسێت، گوتی: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە رووی یاساییەوە تەواو رەوا بوون. لە ماوەی کەمتر لە 40 رۆژ لە جەنگی دژ بە ئێران، زیاتر لە 13 هەزار ئامانجمان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆردومان کرد و تەواوی کەشتیگەلی دەریایی تارانمان نوقمی دەریا کرد؛ ئێمە بە هەموو پێوەرێک سەرکەوتنێکی مێژووییمان لە ئێران تۆمار کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکانی سەرەتایان دژی حووسییەکان و دواتریش دژی ئێران زەروورەتێکی ئەمنی بوون؛ دەشڵێت: "ئێمە جەنگی دژی ئێران دەستپێنەکرد، بەڵکو خودی ئێران 47 ساڵ لەمەوبەر ئەم جەنگەی دەستپێکرد. ترەمپ کێشەکەی دوا نەخست، بەڵکو بڕیاری دروستی دا بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکا و گورزێکی کەمەرشکێنی لە تاران دا. ئێستا توانای سەربازیی ئێران تێکشکێندراوە و گەمارۆیەکی زۆر توندیشی لەسەرە کە ئامانجەکانی خۆی دەپێکێت."
جەختیشی کردەوە، سوپای ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا تووشی هیچ زیانێکی گەورە نەبووە هاوشێوەی ئەوەی لە جەنگی ڤێتنامدا روویدابوو، هەروەها دووپاتی کردەوە، "بەرپرسیارێتیی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان دەگرمە ئەستۆ و لە پشتیان دەوەستم، ئێمە بە هیچ شێوەیەک داوای لێبوردن لەسەر ئەوە ناکەین کە لە ئێران ئەنجاممان داوە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ لێپێچینەوە و دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەو هەنگاوانەی بە "شانۆگەرییەکی سیاسی و گاڵتەجاڕی" وەسف کرد و گوتی: لە تەواوی مێژووی ئەمریکادا، هیچ وەزیرێکی جەنگ لە کارەکەی دوورنەخراوەتەوە لە کاتێکدا وڵات خەریکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بێت. هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەم، بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی سەربازان و فەرماندە ئەمریکییەکانە؛ ناکرێت شەڕکەرەکانمان سزا بدرێن لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی یاسایی و سەرکەوتوو.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەوڵە پەیامێکی تەواو هەڵە دەداتە دوژمنانی ئەمریکا، هەروەها ئەم هەنگاوەی کۆنگرێس تەنیا لە رڕق و ناکۆکیی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، نە پەیوەندی بە تاوانی گەورەوە هەیە، نە ناپاکی و نە بەرتیلخۆری؛ ئەمە هەوڵی تەنیا کەسێکە کە دەیەوێت لە دوایین رۆژەکانی لەناو کۆنگرێسدا سوود لە پێگەکەی وەربگرێت بۆ لێدانی زیان لە سەرۆک ترەمپ و لە وڵاتەکەمان.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، پیت هێگسێت پەیامێکی ئاراستەی یاسادانەرانی سەر بە پارتەکەی لە کۆنگرێس کرد و گوتی: کۆمارییەکان هێشتا کۆنتڕۆڵی تەواوی کۆنگرێسیان لەدەستدایە، و پێویستە تاوەکو دەرفەت لەبارە ئەم باڵادەستییە بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ وڵات.