تەرمی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە بەیرووت دۆزرایەوە
تەرمی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لەناو شوقەیەقدا لە ناوچەی "تەریق ئەلجەدیدە" لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دۆزرایەوە، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە ونبوون و پچڕانی پەیوەندی پێیەوە لە دوای بەجێهێشتنی هۆتێلەکەی لە گەڕەکی رەوشە.
سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، تەرمی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لەناو شوقەیەکی نیشتەجێبووندا لە ناوچەی "تەریق ئەلجەدیدە" لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دۆزرایەوە.
دۆزینەوەی تەرمەکەی دوای ئەوە هات کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ یاوەرەکانیدا دوای بەجێهێشتنی هۆتێلەکەی لە گەڕەکی "رەوشە"ی بەیرووت بێسەروشوێن ببوو و سەرجەم پەیوەندییەکان پێیەوە پچڕابوون.
بە گوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکانی میدیاکانی لوبنان، ئاماژە و بەڵگەکان بۆ ئەوە دەچن کە عەلوانی بە پیلانێکی داڕێژراو و بە فێڵ بۆ ناو ئەو شوقەیە راکێشراوە و دواتر لەوێ خنکێنراوە و کۆتایی بە ژیانی هێنراوە.
هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەرفراوانیان لە بارودۆخی دۆسیەکە دەستپێکردووە و لە هەماهەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت و دەسەڵاتدارانی بەغدا، بە مەبەستی ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان، هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت ئەم تاوانە و، دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی.
ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە پێکهاتەی سوننەیە و خەڵکی شاری روومادییە لە پارێزگای ئەنبار، هاوکات وەک یەکێک لە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دیارەکانی هۆزی "ئەلبوعەلوان" لە عێراقدا دەناسرێت.