هەولێر.. 21 خۆشنووسی کورد لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا بەرهەمەکانیان پیشان دا
کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان، بە مەبەستی پەرەپێدان و زیندوو راگرتنی هونەری خۆشنووسی و فراوانکردنی ئاسۆکانی، ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، پێشانگەیەکی هاوبەشی خۆشنووسی بەڕێوەچوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
سێشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2026، مەریوان پیرباڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم پێشانگەیە کۆکردنەوەی 21 خۆشنووسە لە ژێر چەترێکی هاوبەشدا و دەرفەتێکە بۆ ئەوەی شێوازە جیاوازەکانی ئەم هونەرە لە تەنیشت یەکتر پیشان بدرێن و جۆراوجۆریی ئەزموون و توانای هونەرمەندان لە بواری خۆشنووسیدا بخەنە بەردەم سەردانکەران. هەروەها ئەم بۆنەیە هەوڵێکە بۆ ئەوەی خۆشنووسی وەک هونەرێکی رەسەن و گرنگ، شوێنی شایستەی خۆی لە ژیانی هونەری و کولتووری کۆمەڵگەدا بپارێزێت و زیاتر بناسرێت."
پیرباڵ سەبارەت بە ئامانجی سەرەکیی پێشانگەکە گوتی، "ئامانجی سەرەکیی لە سازکردنی ئەم پێشانگەیە، زیندوو راگرتن و پەرەپێدانی هونەری خۆشنووسییە، لەگەڵ پشتگیریکردنی داهێنان و هاندانی هونەرمەندان بۆ تاقیکردنەوەی شێواز و تەکنیکە نوێیەکان، بە شێوەیەک کە ئەم هونەرە لە چوارچێوەی شێوازە باو و کلاسیکییەکاندا سنووردار نەبێت، بەڵکو بتوانێت لەگەڵ ئەزموونە نوێیە هونەرییەکاندا پەرە بسێنێت و ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ داهێنان بکاتەوە."
مەریوان پیرباڵ باسی لەوەش کرد، "کۆکردنەوەی ئەم ژمارەیە لە هونەرمەندان لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا، دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرکردنەوە هونەرییەکان، ناسینی تواناکانی یەکتر و دروستکردنی پەیوەندییەکی زیاتر لەنێوان خۆشنووساندا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی هاوبەشیان و کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بۆ هاوکاری و بەرهەمهێنانی کارە هونەرییە جیاوازەکان."
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی هونەری خۆشنووسی، پیرباڵ دەڵێت، "خۆشنووسی تەنیا هونەری جوان نووسینی پیت و وشەکان نییە، بەڵکو شێوازێکە بۆ دەربڕینی هەست، بیر و بینینی هونەرمەند لە رێگەی هێڵ و پیت و پێکهاتەی نووسینەوە. لەبەر ئەوە، ئەم پێشانگەیە جگە لە پیشاندانی بەرهەمەکان، هەوڵێکە بۆ زیاتر ناساندنی رەهەندە هونەری و کولتوورییەکانی خۆشنووسی و بەستنەوەی ئەم هونەرە بە ناسنامە و میراتی هونەری کوردییەوە."
سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها یەکێک لە ئامانجەکانی پێشانگەکە تێپەڕاندنی سنوورە باوەکانی خۆشنووسی و هاندانی هونەرمەندانە بۆ ئەوەی بە تێڕوانین و شێوازی تایبەتی خۆیان، ئەزموونی ئەم هونەرە دەوڵەمەندتر بکەن. ئەم جۆرە چالاکییە هونەرییانە دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان لە بەردەوامی و گەشەکردنی هونەرە رەسەنەکاندا هەبێت و دەرفەت بۆ ناساندنی توانای خۆشنووسانی کورد لە ئاستی فراوانتردا بخوڵقێنن."
پیرباڵ بانگهێشتی هونەرمەندان و هونەردۆستان لەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "ئێمە وەکو کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستانیش بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتی هونەرمەندان، هونەردۆستان و هەموو ئەوانە دەکەین کە حەزیان لە جوانی و جیهانی هونەرە، بۆ سەردانیکردنی ئەم پێشانگەیە و بەشداریکردن لەو بۆنە هونەرییەدا، چونکە ئامادەبوونی سەردانکەران و نزیکبوونەوەیان لە بەرهەمەکان، بەشێکە لە زیندوو راگرتن و پشتگیریکردنی ئەم هونەرە."
لە پێشانگەکەدا 21 هونەرمەند تێیدا بەشدارن وەکو، نەجات ئەربیلی، دارا محەمەد عەلی، زیاد موهەندیس، گەیلان پیرباڵ، نامۆ، عەزیز بەرزنجی، جەبار سابیر لاس، خالید سلێمان، رازاو دزەیی، سامان کاکەدێوانە، عەلی ئەڵوەنی، لوقمان محەمەد ئەنوەر، بێباک فەرحان، بەیبون مەخسود، سیامەند ئەسعەد، پشتیوان مەعروف، ئامانج ئەحمەد، هەڵمەت ئەحمەد، رۆمان یاسین، ئەیار سەردار باشە و مەریوان پیرباڵ.


