پۆلیسی دارستان: شەڕەسەگ تاوانە یاسا و ئایینیش بە توندی قەدەخەی دەکەن

دیاردەی بەشەڕدانی سەگ و باڵندەکان لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی رەخنەیەکی توندی یاسایی و شەرعی دەبێتەوە. لە کاتێکدا پۆلیسی دارستان و ژینگە رایدەگەیەنێت ئەنجامدەرانی وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بەپێی یاساش سزای دارایی توندی لەسەرە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانیش جەخت دەکاتەوە بەشەڕدانی ئاژەڵان لەپێناو کەیف و قومار بە هەموو شێوەیەک "حەرامە".

لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بە نهێنی هەندێک کەس هەڵدەستن بە سازدانی شەڕی ئاژەڵان، بەتایبەت "شەڕەسەگ"، کە زۆرجار وەک گرەو، قومار و سەرگەرمی بەکاردەهێنرێت و گرتە ڤیدیۆییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، ماڵپەڕی کوردستان24 لەم بەدواداچوونەدا لە روانگەی یاسا، ئایین، پۆلیس و رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵانەوە لەسەر ئەم پرسە دەوەستێت.

پۆلیسی دارستان: شوێنی فەرمی بوونی نییە و تۆمەتباران دەستگیر دەکرێن

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمان فازڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئەو کەسانەی سەگ بەشەڕ دەدەن یان بەشداری لەم جۆرە کێبڕکێیانەدا دەکەن، بە تاوانبار و تۆمەتبار هەژمار دەکرێن و یاسا بە روونی سزای بۆ دیاریکردوون. هەر پێشێلکارییەک دەرهەق بە گیانلەبەران، داربڕین و سروشت ئەنجام بدرێت، رێکاری توندی یاسایی لە بەرامبەریاندا دەگیرێتەبەر."

دەربارەی هەبوونی شوێنی دیاریکراو بۆ ئەو دیاردەیە، ئاماژەی بەوە کرد: "بە هیچ شێوەیەک شوێنی فەرمی بۆ شەڕەسەگ بوونی نییە. لە سنووری هەولێر حاڵەتی لەوشێوەیە دەستنەکەوتووە، پێشتر لە سنووری رانیە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هەندێک حاڵەت لە دەرەوەی شار هەبوون، بەڵام لەوێش هیچ شوێنێکی فەرمی و رێگەپێدراو نییە و بە توندی رێگریی لێ دەکرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دارستان جەختی لەوەش کردەوە کە تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان: "هەرکاتێک زانیاریمان پێ بگات، یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک 'تیکتۆک' گرتەی ڤیدیۆیی شەڕەسەگ ببینین، دەستبەجێ مەفرەزەکانمان رەوانەی شوێنەکە دەکەین بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی." دەشڵێت: "خۆشبەختانە ئاستی هۆشیاری و کلتووری ژینگەیی لەلای خەڵک زۆر باش بووە و لە هەموو روویەکەوە هاوکارمانن."

یەکێتیی زانایان: بەشەڕدانی ئاژەڵان لەپێناو قومار و سەرگەرمی "حەرامە"

لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، مامەڵەی توند لەگەڵ ئەم دیاردەیە دەکرێت. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: "لەبەر ئەوەی ئاژەڵان بەگشتی لە ئیسلامدا مافیان هەیە و ئیسلام داوامان لێ دەکات بە بەزەییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە هەر جۆرە ئازاردان و بەکارهێنانێکی نائاسایی کە ببێتە هۆی ئازاردانیان لە روانگەی شەرعەوە رێگەپێنەدراوە؛ ئاژەڵ گیاندارێکی هەستیارە و مافی هەیە."

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتیشی: "هەر جۆرە شەڕپێکردن، ئازاردان یان بە شەڕدانی ئاژەڵان بۆ سەرگەرمی، قومار یان چێژوەرگرتن، کارێکی نادروست و حەرامە. زانایانی هاوچەرخی ئیسلامیش جەخت لەوە دەکەنەوە بە شەڕدانی ئاژەڵان وەک کەڵەشێر، سەگ، یان هەر جۆرە باڵندە و ئاژەڵێکی تر تەنها لەپێناو کەیف، قومار و پارە بردنەوە، بە حوکمی ئەوەی ئازاردان، شێواندن و تەنانەت گیانلەدەستدانیشی تێدایە، بە تەواوی حەرامە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد "پێغەمبەری خوا (د.خ) نەهی کردووە لەوەی ئاژەڵان بە ئامانج بگیرێن بۆ راهێنان یان کوشتن بەبێ پێویستی، لە گێڕانەوەیەکی دیکەشدا هاتووە کە بەهۆی بەستنەوە و برسی کردنی پشیلەیەک تا مردنی، سزای دۆزەخ بۆ کەسەکە هاتووە؛ بۆیە ئەو کەسانەی ئەم کارانە دەکەن دەبێت رەچاوی رێنمایی ئایینی و ویژدانی مرۆڤایەتیی خۆیان بکەن و لەپێناو دەستکەوتی ماددی، قومار و کەیفخۆشی خۆیان ئاژەڵان نەکەنە قوربانی، ئەگینا گوناهبار دەبن."

یاسای هەرێمی کوردستان چی دەڵێت و سزاکەی چەندە؟

پێچەوانەی تێگەیشتنی هەندێک کەس کە وادەزانن یاسا بێدەنگە، بەپێی رۆژنامەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (وەقایعی کوردستان- ژمارە 299)، لە «یاسای ژمارە (14)ـی ساڵی 2022 - یاسای رێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان»، ئەم دیاردەیە بە روونی قەدەخە کراوە و سزای لەسەرە:

1. قەدەخەکردنی شەڕپێکردن: لە ماددەی (7 / بڕگەی یەکەم / خاڵی د)دا بە دەقیقی هاتووە: «سازدانی شەڕ لە نێوان ئاژەڵێک و ئاژەڵێکی دیکە یان پەلەوەر و پەلەوەرێکی دیکە، بە شێوەیەک ببێتە مایەی زیان پێگەیاندن یان کوشتنی یەکێکیان» بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.

2. قەدەخەکردنی تۆمار و بڵاوکردنەوە: بەپێی خاڵی (و) لە هەمان ماددە، وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی هەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی شەڕپێکردنی ئاژەڵان لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخەیە.

3. سزای سەرپێچیکاران: بەپێی ماددەی (7 / بڕگەی دووەم)، سەرپێچیکار بە پێبژاردنی دارایی لە نێوان دووسەد و پەنجا هەزار دینار تا یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت، و ئەگەر سەرپێچیکار پیشەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ بێت، سزاکەی دەبێتە دوو هێندە.

4. مافی بەدواداچوونی یاسایی: لە ماددەی (17)دا ماف دراوەتە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵان کە دەتوانن راستەوخۆ لە دادگاکاندا سکاڵای یاسایی لە دژی سەرپێچیکاران تۆمار بکەن.

رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵان: دیاردەیەکی ناشارستانی و قۆمارکردنە

لەلایەن خۆیەوە، بەختیار خالید سەعید، سەرۆکی رێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی ئاژەڵان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشاندا و گوتی: "پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە توندی رێگری لەم دیاردە نامرۆڤانەیە بگرن؛ بەداخەوە تا ئێستاش لە هەندێک ناوچە دەبینرێت و بووەتە هۆی ئازاردان و شێواندنی جەستەیی ئەو گیانلەبەرانەی کە توانای بەرگری لەخۆکردنیان نییە."

سەرۆکی رێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی ئاژەڵان ئاشکراشی کرد: "ئەم دیاردەیە تەنیا ئازاردانی ئاژەڵ نییە، بەڵکو پەردەپۆشکردنی کۆمەڵێک کاری نایاساییە، بەتایبەت کە زۆرجار بۆ گرەوکردن، قومار و بازرگانیکردن بە پارە بەکاردەهێنرێت؛ بۆیە داوا دەکەین یاساکانی پاراستنی گیانلەبەران لە هەرێمی کوردستان بە توندی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و سزای سەرپێچیکاران بدرێت."