کۆیە؛ 10 خانمی شێوەکار پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکارییان کردەوە
بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی کۆیە، بە هاوبەشی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد ـ لقی چەمچەماڵ، بە بەشداریی 10 خانمی شێوەکار و نمایشکردنی 28 تابلۆی هونەری، پێشانگەیەکی هاوبەشی تایبەت بە بەرهەمی خانمانی شێوەکار لە کۆیە کرایەوە.
سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، هونەر تاهیر، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی کۆیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ناوەڕۆکی تابلۆکانی پێشانگەکە زیاتر لەسەر سروشت و دیمەنە جوانەکانی کوردستان و شوێنەوار و شوێنە مێژووییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان چڕ دەبێتەوە، بە شێوەیەک هەر تابلۆیەک بە زمانێکی تایبەتی هونەری، هەست و تێڕوانینی شێوەکارەکەی بەرامبەر بە ژینگە، سروشت و ناسنامەی شوێنەکانی کوردستان دەردەخات."
هونەر تاهیر باس لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: "لە پەراوێزی پێشانگەکەدا، هونەرمەند ئیحسان زیرەک، لەگەڵ ژمارەیەک موزیکژەن، چەندین گۆرانی و مەقامی موزیکیان پێشکەش کرد و بە پێشکەشکردنی ئەم بەشە موزیکییە، کەشوهەوایەکی هونەری و خۆشییان بۆ ئامادەبووان دروست کرد."
هونەر تاهیر باسی لەوەش کرد، "ئەم پێشانگەیە جگە لەوەی دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی بەرهەم و توانای هونەریی خانمانی شێوەکار، هەروەها بوارێکە بۆ ناساندنی جوانیی سروشت و دەوڵەمەندیی مێژوویی و شوێنەواریی کوردستان لە رێگەی هونەری شێوەکارییەوە."
سەبارەت بە گرنگیی پێشانگەکە، هونەر تاهیر دەڵێت: "گرنگیی ئەم پێشانگەیە تەنیا لە نمایشکردنی ژمارەیەک تابلۆی هونەریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەوەدایە دەرفەتێک بۆ دەرخستنی توانایی و تێڕوانینی هونەریی خانمانی شێوەکار رەخساندووە، هەروەها بە زمانێکی بینراو، جوانیی سروشت و دەوڵەمەندیی مێژوویی و شوێنەواریی کوردستانی خستووەتە بەردەم چاوی بینەران."
بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری کۆیە ئەوەشی روونکردەوە، "لە رێگەی 28 تابلۆکەوە، کە بەرهەمی 10 خانمی شێوەکارن، دیمەنە سروشتییەکان، شوێنەوارە مێژووییەکان و جوانییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە شێوە و رەنگی جیاواز و لە روانگەی هونەرییەوە وێنا کراون. ئەم بەرهەمانە تەنیا وێنەیەک لە شوێن و دیمەنەکان نین، بەڵکو هەڵگری هەست و خەیاڵ و تێڕوانینی تایبەتی شێوەکارەکانن، کە هەوڵ دەدەن لە رێگەی ڕەنگ و هێڵ و پێکهاتەی تابلۆکانەوە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت و ناسنامەی شوێنەکانی کوردستان پیشان بدەن."
هونەر تاهیر باس لە گرنگیی بەشداری ئافرەتان لەو جۆرە پێشانگەیانە دەکات و دەڵێت، "بەشداریی خانمان لەم جۆرە چالاکییانەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە دەرفەتی زیاتر بۆ دەرکەوتنی تواناکانیان، ناساندنی بەرهەمەکانیان و بەشداریی کاریگەرتر لە ژیانی هونەری و کولتووریی کۆمەڵگەدا دەڕەخسێنێت. هەروەها ئەم پێشانگەیە دەتوانێت ببێتە هۆی هاندانی خانمانی دیکە، بە تایبەتی گەنجان، بۆ نزیکبوونەوە لە هونەری شێوەکاری و گەشەپێدانی تواناکانیان."
هونەر تاهیر ئاماژەی بەوەش دا، "کۆکردنەوەی بەرهەمی هونەرمەندانی شوێنە جیاوازەکان لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا، دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرکردنەوەی هونەری، پەیوەستکردنی هونەرمەندان بە یەکتر و زیاتر ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکان. بۆیە پێشانگەکە جگە لەوەی بۆنەیەکی هونەرییە، هەنگاوێکیشە بۆ پشتگیریکردنی جوڵەی شێوەکاری و پاراستنی ناسنامە و میراتی سروشتی و مێژوویی کوردستان."


