پچڕانی ئاوی خواردنەوەی چۆمان چارەسەر کرا

بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان: بەهۆی داڕمانی شاخەوە بۆریی سەرەکی شکا و لە ماوەیەکی کەمدا چاککرایەوە

بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان و دەوروبەری رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی بارانی بەخوڕ و داڕمانی بەشێک لە شاخ، بۆڕی سەرەکیی گواستنەوەی ئاوی چۆمان شکا، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا توانرا لەلایەن تیمەکانەوە چاکبکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان و دەوروبەری لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "بەهۆی بارانی بەخوڕ و بەلێزمەی دوێنێ و ئەمڕۆ، چەند پارچە شاخێک دارمان و کەوتنە سەر بۆڕی سەرەکیی ئاوی پڕژێ - چۆمان و شکاندیان، بەڵام دوای هەوڵێکی چڕی تیمەکانمان، توانرا بە خێرایی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بۆڕییەکە چاکبکرێتەوە و ئاو بۆ هاووڵاتییان بگەڕێندرێتەوە."

سیروان محەممەد ئاماژەی بە سەختیی ناوچەکە کرد و گوتی: "سەرچاوەی ئاوەکە کەوتووەتە دەڤەری 'پڕژێ' کە شوێنێکی شاخاوی و زۆر سەختە و هەمیشە بەفر و بەستەڵەکی لێیە؛ تەنانەت ساڵی رابردوو نزیکەی 10 مەتر بەفری لێ کەڵەکە ببوو، ئەمەش کارکردن بۆ تیمەکانی چاککردنەوە زۆر قورس و پر لە مەترسی دەکات."

بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان ئەوەشی خستەروو: "درێژیی بۆڕییەکە لە سەرچاوەی پڕژێ تا سەنتەری شارۆچکەی چۆمان نزیکەی 10 کیلۆمەترە. ئاوەکە سەرچاوەیەکی سازگار و پاکە و جگە لە سەنتەری قەزای چۆمان، ئاوی نۆ گوندیش دابین دەکات، کە بە گشتی زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی و شەش هەزار هاوبەشی ئاو لێی سوودمەند دەبن."

سەبارەت بە چارەسەری بنەرەتیی گرفتەکە، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان و دەوروبەری ئاشکرای کرد: "پێشتریش چەندین جار بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفری زۆر و بەستەڵەک، گرفتی بێئاوی بۆ هاووڵاتییان دروستبووە. بۆ چارەسەری یەکجاریی ئەم کێشەیە سەرجەم کەشف و رێکارە پێویستەکانمان ئامادە کردووە و نێردراوەتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی تەنگژە و گرفتی داراییەوە تا ئێستا پڕۆژەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەردەوامین لە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی."