لە ئیدارەی سۆران ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی پێنج هەزار پارچە زەوی کراوە
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چاوەڕوانی تەواوبوونی رێکارەکانی قەرەبووکردنەوەیە و لە قۆناخی کۆتاییدایە.
قەیتەران حەسەن، سەرۆکی شارەوانی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناوی 13 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و بە گشتی نزیکەی 15 هەزار کەس مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
سەرۆکی شارەوانی سۆران روونیکردەوە، ئێستا پێنج هەزار پارچە زەوی ئامادەکراون و هەوڵدەدەن لە ئایندەیەکی نزیکدا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشیان بکەن.
سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە، قەیتەران حەسەن گوتی "یەکێک لە کێشەکان کە رووبەڕووی بووینەتەوە، پرسی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکانە، چونکە بەشێکی زۆری زەوییەکان کشتوکاڵین و باخچەن و بەرهەمیان هەیە".
سەرۆک شارەوانی سۆران ئاماژەی بەوەش دا، شارەوانی لەگەڵ خاوەن زەوییەکان کێشەکەی یەکلایی کردووەتەوە و تەواوی داتاکانی کۆکردوونەتەوە. پرۆسەکە ئێستا پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی شارەوانییە و بەمزووانە لەگەڵ وەزیری شارەوانی کۆدەبنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکە.
قەیتەران حەسەن دڵنیایی دا، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکی دیکە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سەنتەری سۆران دەستپێدەکات.
بە گوێرەی رێنماییەکان، 2%ـی قەرەبووکردنەوە بۆ خاوەن زەوییەکان دیاریکراوە و بۆ زەوی کشتوکاڵیش رێژەی 12% تەرخان کراوە.
لە سنووری زۆرینەی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی نەبوونی زەوی پێویست هەیە و بەشێکی زۆری زەوییەکان کشتوکاڵین، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرسە لە هەوڵی دۆزینەوەی میکانیزم و چارەسەری گونجاودایە.