هەفتەفیلمی ئیتاڵی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

بە مەبەستی ناساندنی سینەمای ئیتاڵی و کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و هونەری لە نێوان کوردستان و ئیتاڵیا، هەفتەفیلمی ئیتاڵی لە سلێمانی، لە ماوەی رۆژانی 11 تا 17ی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی سینەمای یەڵماز گونای بەڕێوەدەچێت.

چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، دانا کەریم، سینەماکار و سەرۆکی زۆیا کولتوور بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا پێنج فیلمی ئیتاڵی پیشان دەدرێن، کە هەر یەکەیان لە روانگەیەکی جیاوازەوە باس لە ژیان، کەسایەتییە مێژووییەکان، بەشداریی ژنان، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و رووداوە گرنگەکانی مێژووی ئیتاڵیا دەکەن."

دانا کەریم سەبارەت بە نمایشکردنی فیلمەکان گوتی، "یەکێک لە فیلمەکان "هەمامەت"ە، بە دەرهێنانی جانی ئامیلیۆ و بە ئەکتەرایەتی پیێرفرانچێسکۆ فاڤینۆ. فیلمەکە باس لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانی بێتینۆ کراکسی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا دەکات کە دوای کێشە سیاسی و تاوانبارکردنی بە گەندەڵی، لە شارۆچکەی هەمامەت لە توونسیا لە دوورەوڵاتیدا ژیاوە. بەرهەمەکە لە رێگەی چیرۆکی ژیانی تایبەتی و سیاسیی ئەو کەسایەتییەوە، بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی ئیتاڵیا دەخاتەبەرچاو."

سەبارەت بە گرنگیی هەفتەفیلمی ئیتاڵی لە سلێمانی، دانا کەریم دەڵێت، "بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە چالاکییە سینەمایییانە لە سلێمانی، تەنیا پیشاندانی چەند فیلمێکی بیانی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان و ئاشناکردنی بینەری کورد بە ئەزموون و شێوازی جیاوازی سینەمایی لە جیهاندا."

ئەو سینەماکارە باسی لەوەش کرد، "سینەما وەک زمانێکی هاوبەشی مرۆڤایەتی، دەتوانێت لە رێگەی چیرۆک و وێنە و کەسایەتییەکانەوە، مێژوو و کولتوور و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی جیاواز بگەیەنێتە بینەر. لەم روانگەیەوە، هەڵبژاردنی فیلمە جۆراوجۆرەکان، کە هەندێکیان پشت بە ژیانی کەسایەتییە مێژوویی و هونەرییەکان دەبەستن و هەندێکی دیکەیان رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەخەنەڕوو، دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ ناسینی زیاتر لە سینەمای ئیتاڵی و گفتوگۆی هونەری لە نێوان بینەر و جیهانی سینەما."

دانا کەریم ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییانە لە سلێمانی، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە پشتیوانیی جوڵەی سینەمایی، پەرەپێدانی کولتووری بینینی فیلم و دروستکردنی دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان سینەماکارانی کورد و بیانی بگێڕێت."