دهۆک.. پێشانگەی هاوبەشی هونەری "ئیشتار" بەڕێوەدەچێت

پێشانگەی هاوبەشی هونەری بە ناونیشانی "ئیشتار" کە تایبەتە بە خۆڕاگری و میراتی ژنانی کورد، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، حەمرین عیسا، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پێشانگەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو پێشانگە هاوبەشە هونەرییە بەناوی "ئیشتار"، تێیدا 12 هونەرمەندی شێوەکار تێیدا بەشدارن و 28ی تابلۆ نمایش دەکرێت، ئەوەش بە مەبەستی رێزلێنان لە ژنان و خەبات و بەشدارییە مێژووییەکانیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەڕێوەدەچێت."

حەمرین عیسا سەبارەت بە گرنگیی ئەو پێشانگە هونەرییە گوتی، "ئەم چالاکییە هونەرییە سەرنجی خۆی خستووەتە سەر خەبات، خۆڕاگری و رۆڵی گرنگی ژنان لە کوردستان. ئامانجی ئەوەیە رێز لە بەشدارییە مێژووییەکانی ژنان بگیرێت و ئەو رۆڵە بخرێتە روو کە لە پێکهێنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، پاراستنی ناسنامەی کولتووری و دەوڵەمەندکردنی میراتی کوردیدا هەیانبووە."

سەرپەرشتیاری پێشانگەکە باسی لەوەش کرد، "ئەو پێشانگەیە لە رێگەی کۆمەڵێک تابلۆ و بەرهەمی هونەریی بینراوەوە، هونەرمەندانی بەشدار دیدگا هونەرییەکان و پەیامە بەهێزەکانی خۆیان پێشکەشی بینەران دەکەن."

سەبارەت بە ناوی "ئیشتار" لە پێشانگەکە، حەمرین عیسا دەڵێت، "لە پێشانگەکەدا ناوی "ئیشتار"، ئاماژەیە بە خوداوەندێکی کۆنی مێژووی میزۆپۆتامیا کە لە ئەفسانەکاندا پەیوەندی بە هێز، ژیان و بەرهەمهێنانەوە هەیە؛ بۆیە ئێمە ئەم ناوەمان وەک هێمایەک بۆ خۆڕاگری و شکۆی ژنانی کورد هەڵبژاردووە."

 پێشانگەی هاوبەشی هونەریی "ئیشتار"، لەلایەن کۆمەڵەی 213 و کڵوپی سینەمای هونەری گەنجان، بە هاوبەشی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دهۆک رێکخراوە. رۆژی یەکەم، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆ تا 6ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت. رۆژی دواتر، واتە پێنجشەممە، لە کاتژمێر 11ی بەیانی تا 6ی ئێوارە، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت.