بە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی پڕۆژەی ستراتیژیی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن
دوای دوو ساڵ لە هەوڵ و دانوستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی دوو پڕۆژەی گرنگی رێگاوبان بە گوژمەی 80 ملیۆن دۆلار لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 جێگیر بکات، کە هەردوو پڕۆژەکە رێگە سەرەکییەکانی نێوان دهۆک-زاخۆ و سلێمانی-کەرکووک دەگرنەوە.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی پێدانی قەرزی بانکی نێودەوڵەتی بە حکوومەتی عێراق بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بە تایبەت لە بواری رێگاوباندا، توانیویانە دوای دوو ساڵ لە گفتوگۆ، بڕی 80 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن و لە رەشنووسی بودجەی 2027 جێگیری بکەن.
سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەکان، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرای کرد، پڕۆژەی یەکەم بریتییە لە فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی (ئەپگرەیدکردن) رێگەی گردەشین و سحێلە بە درێژایی 22 کیلۆمەتر، لەگەڵ دروستکردنی بەرزەپردی گردەشین لەسەر رێگەی نێوان دهۆک و زاخۆ بە گوژمەی 34 ملیۆن دۆلار. پڕۆژەی دووەمیش بریتییە لە فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەی نێوان سلێمانی و کەرکووک لە بەشی تاسڵوجەوە تاوەکو بانی مەقان، کە درێژییەکەی 50 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 46 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، پرۆپۆزەڵی هەردوو پڕۆژەکە ئامادەکراوە و گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیا جێبەجێکارەکان بە شێوازی "OPBRC" دەبێت، واتە دوای تەواوبوونی پڕۆژەکان، بۆ ماوەی 5 ساڵ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەکان لەسەر ئەرکی کۆمپانیاکان دەبێت.
لە چوارچێوەی هەنگاوە کردەییەکاندا بۆ ئەم مەبەستە، رۆژانی 8، 9 و 10ی ئەم مانگە، هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەڵێندەری ناوخۆیی و بیانی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، کە تێیدا چەندین گفتوگۆ و سیمینار لەبارەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتی و چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی رێگاوبان ئەنجامدران.