لە ئیتاڵیا بەهۆی هەڕەشەی بۆمبدانانەوە 300 قوتابخانە چۆڵکران

ساتی گەڕانی پۆلیسی ئیتاڵیا لە قوتابخانەکان
ساتی گەڕانی پۆلیسی ئیتاڵیا لە قوتابخانەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لانیکەم 300 قوتابخانە لە سەرانسەری ئیتاڵیا چۆڵکران، ئەوەش دوای ئەوەی نامەیەکی هەڕەشەی بۆمبی چێندراو بە  بۆ ئەو ناوەندانەی خوێندن نێردرا.

جۆسێپی ڤاڵدیتارا، وەزیری پەروەردەی ئیتاڵیا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (La7) هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، پێدەچێت هەڕەشەکان درۆ بن. ڤاڵدیتارا گوتیشی "پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کاریگەریی ئەم دۆخەیان لەسەرە روو لە زیادبوون بکات."

وەزیری پەروەردەی ئیتاڵیا روونیکردەوە، زۆریی ژمارەی ئەو قوتابخانانەی تووشی ئەم دۆخە بوون دەریدەخات ئەم هەڕەشەیە هیچ راستییەکەی تێدانییە.

لە هەمان کاتدا یەکێک لە قوتابخانەکانی رۆما لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی نامەگۆڕینەوە کەسوکاری قوتابییەکانی ئاگادارکردەوە و رایگەیاند "دوای هەڕەشەیەکی بۆمبرێژکردن لە سەرانسەری وڵاتدا، هەموو قوتابییەکان بۆ ناوچەیەکی ئارام گواستراونەتەوە و لەژێر چاودێریی ستافی مامۆستایاندا دەمێننەوە."

بەپێی کۆپییەکی نامەکە کە دەست رۆیتەرز کەوتووە، ئیمەیڵەکە بە ناوی میخایل ئاندرۆپۆڤ، سەرکردەی ویلایەتی میسۆگینستان واژۆ کراوە. هەمان ئەو کەسەی بانگەشەی ئەو کارەی کردووە، پێشتر بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هەڕەشە بۆمبرێژکردنانە راگەیاندبوو کە هەینیی رابردوو بۆ ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن لە ئیرلاند و بولگاریا نێردرابوون.

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە لەکاتێکدایە نیگەرانییەکان لە ئەوروپا بەرامبەر ئەو هێرشانەی بە جەنگی تێکەڵاو ناودەبرێن روویان لە زیادبوون کردووە. ئەو هێرشانە پێشتر سوپەرمارکێتەکان، بانکەکانی خوێن، کەرتی هاتوچۆ و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی لەو ناوچەیە کردبووە ئامانج.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکوومەت، گوتەبێژی پۆلیسی رۆما رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی ئیتاڵیا لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەن.