هاتوچۆی هەولێر بێبەرامبەر تابلۆی نوێ بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی رووداوی لافاوەکەی ئەم دواییەی شاری هەولێر تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان ون بووە و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، لە بەیانییەوە تابلۆیەکی نوێیان بە شێوەیەکی بێبەرامبەر پێدەدرێت.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ هەر کەسێک بەهۆی لافاوەکەوە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی لێبووبێتەوە و ون بووبێت، لە بەیانیی پێنجشەممەوە دەتوانێت سەرەتا سەردانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بکات و نووسراوێکی پشتگیری وەربگرێت، دواتریش بە نووسراوەکەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بکات.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر روونیکردەوە، لە بەرامبەر پێدانی تابلۆ نوێیەکە هیچ بڕە پارەیەک لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت و بە تەواوی بە خۆڕایی دەبێت؛ هاوکات تەنیا مەرج و بەڵگەنامەیەک کە پێویستە لە کاتی سەردانیکردندا پێیان بێت، بریتییە لە هەبوونی ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکە.
شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.
بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان هەروەها دوو کەس بوونە قوربانی، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا