دلاوەر ئاژگەیی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی گەیاندە پەرلەمانی ئەوروپا
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و لەلایەن جێۆرجینا تێئدۆرێسکوو، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە گرووپی سۆسیالیست و دیموکراتەکان پێشوازیی لێکرا.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق کرد، هاوکات پێگەی هەرێمی کوردستانی وەک فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئاژگەیی بە وردی باسی لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و لێکەوتە ئابوورییەکان و زیانە گیانییەکانی خستەڕوو، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و قەیرانەکان، بەڵکوو فاکتەری سەقامگیری و ئاسایشە لە ناوچەکەدا.
نوێنەری حکوومەت جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک مەڵبەندێکی ئارام و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەمێنێتەوە و لە سیاسەتی ئاشتیخوازانەی خۆی بەردەوام دەبێت. روونیکردەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە، گرنگە دۆستانی هەرێم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت یەکێتیی ئەوروپا، پشتگیریی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، جێۆرجینا تێئدۆرێسکوو ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە ناوچەکەدا کرد و پاڵپشتی و هاوسۆزیی خۆی بۆ حکوومەت و گەلی کوردستان دووپاتکردەوە، هاوکات ئامادەییی دەربڕی بۆ بەردەوامیی پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا. لە کۆتاییشدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پڕۆژە و پلانێک بۆ کاری هاوبەشی داهاتوو لە پەرلەمانی ئەوروپا کرا.