لە نیویۆرک باڵەخانەیەک داڕما و 19 قوربانی لێکەوتەوە

وێنەی بالەخانە رووخاوەکە
وێنەی بالەخانە رووخاوەکە

 بەرپرسانی نیویۆرک رایانگەیاند، باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە گەڕەکی فلاتبوش لە ناوچەی بڕۆکلین داڕما و بەهۆیەوە 19 قوربانی لێکەوتەوە.

بەرپرسانی نیویۆرک باسیان لەوەکرد، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکە برینداربوون کە دۆخی تەندروستیی چواریان ناجێگیرە. لەنێو قوربانییەکاندا لانیکەم حەوت منداڵ هەن، بەڵام تا ئێستا روون نییە هیچ منداڵێک لە نێوا گیانلەدەستدراوانی رووداوەکەدا هەیە یان نا. تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ زانینی ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.

ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و رزگارکردن لە شوێنەکە دەستی پێکردووە. بەرگریی شارستانی لە هەوڵەکانیاندا بۆ دەرهێنانی قوربانییان لەژێر داروپەردوو، پەنایان بۆ قادرمە و کەرەستەی دەستی بردووە.

لێکۆڵەران سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکە، کە بەرەو لای باڵەخانەکەی دراوسێی کەوتووە و کاری بیناسازیی تێدا کراوە. بەم هۆکارە  ژمارەیەک هاووڵاتی لە هەردوو شوێنەکەدا گیریان بخوات.

کۆمیسیاری فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی نیویۆرک رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن زۆر مەترسیدار بوون. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە تا درەنگانی شەو لە شوێنی رووداوەکە مانەوە و بەهۆی مەترسیی داڕمانی زیاتری پاشماوەکان، ئۆپەراسیۆنەکەیان بە پڕمەترسی وەسف کرد.

بەپێی تۆمارەکان، باڵەخانەکە لە ساڵی 1930دروستکراوە و لە سێ نهۆم پێکهاتووە، و چوار یەکەی نیشتەجێبوون و یەک یەکەیەکی بازرگانی لەخۆدەگرێت، هەروەها بەرزکەرەوەی تێدا نییە.