وەستایەکی سلێمانی بەخۆڕایی ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکانی هەولێر چاک دەکاتەوە
لە هەڵوێستێکی مرۆیی و نیشتمانپەروەرانەدا، وەستا پێشڕەو تاریق، کە وەستایەکی شارەزای بواری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە لە ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی، بڕیاری داوە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاوەکەی شاری هەولێرەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەبێ بەرامبەر چاک بکاتەوە. ئەم دەستپێشخەرییە وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و هاوسۆزی بۆ ئەو خێزانانەیە کە زیانی ماددیی زۆریان بەرکەوتووە، بەتایبەتی لەم کاتە سەختەدا کە زۆر کەس پێویستیان بە هاوکارییە.
بەگوتەی وەستا پێشڕەو، ئەو ئامادەیە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە چوارچێوەی توانای خۆیدا، کاری پەی دی ئاڕ (PDR)، بۆیاخ و راستکردنەوە بۆ 15 تا 20 ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتووانی هەولێر بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بکات. هەروەها هیواخوازە ئەم کارەی ببێتە هاندەرێک بۆ کەسانی دیکە و سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان، تا بە هەمووانەوە دەستی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی ئەو رووداوە سروشتییە درێژ بکەن و بەشێک لە خەمەکانیان کەم بکەنەوە.