پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفت لە 74 وڵات قەیرانی جیهانی لێکەوتەوە
لە نیوزلەندا دامەزراوە حکوومییەکان و کۆمپانیاکان ناچاربوون بگەڕێنەوە سەر شێوازەکانی کارکردنی دەستی
پچڕانێک لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رۆژی پێنجشەممە بووە هۆی دروستبوونی پەکخستن و شڵەژانی جیهانی، کە هەریەک لە خزمەتگوزارییەکانی "ئاوت لوک"، "کۆپایڵۆت" و "تیمز"ی گرتەوە، هاوکات لە ماوەی تەنیا یەک کاتژمێردا تۆمارکردنی کێشە و لەکارکەوتن لە 74 وڵات و ناوچەی جیهانەوە راگەیەندرا، ئەمەش بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی "داون دیتێکتەر".
کۆمپانیای "مایکرۆسۆفت" رایگەیاند: "بە هەموو توانامانەوە هەوڵدەدەین هەموو رێگەکان بگرینەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سێرڤەرەکانیان دووبارە خستووەتەوە کار بە هیوای گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان.
بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی کە ئەو سێرڤەرانەی دووبارە خراونەتەوە کار "رەنگە جارێکی دیکە لە وەڵامدانەوە بوەستن هەر کە لۆد و جووڵەی زۆریان بکەوێتە سەر"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "شیکاری بۆ داتاکانی پشکنین دەکەن بۆ دیاریکردنی هۆکاری روودانی ئەم دۆخە".
پچڕانەکە نزیکەی کاتژمێر 16:00 بە کاتی گرینیچ دەستیپێکرد. ماڵپەڕی "داون دیتێکتەر" لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە کە "تەنیا ئەو سکاڵا و ئاگادارکردنەوانەی پەیوەستن بە ئاوت لوکەوە، گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و زیاتر لە 2000 هێندەی ئاستی ئاسایی خۆیان بوون".
لە ئوسترالیا، تۆنی بێرک، وەزیری کاروباری ناوخۆ رایگەیاند کە لە وردەکاریی پچڕانەکە ئاگادارکراوەتەوە و گوتی: "لە روانگەی مایکرۆسۆفتەوە لەم قۆناخەدا، ئەوان پێیان وانییە مامەڵە لەگەڵ هێرش یان رووداوێکی ئەلیکترۆنیدا بکەن، بەڵکو پێیان وایە دۆخەکە تا رادەیەک هاوشێوەی ئەوەیە کە لەگەڵ کۆمپانیای کراود سترایک بینیمان، کاتێک هەڵەیەک لە یەکێک لە نوێکردنەوەکاندا روویدا".
لە نیوزلەنداش، دامەزراوە حکوومییەکان و کۆمپانیاکان زیانیان بەرکەوت و ناچاربوون بگەڕێنەوە سەر شێوازەکانی کارکردنی دەستی، هەروەها دەستەی کۆچبەرانی نیوزلەندا رایگەیاند کە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم داواکارییەکانی ڤیزا بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.
هاوکات لە کەنەدا، دامەزراوەی "یونیتی هێڵس تۆرۆنتۆ" باری "کۆدی خۆڵەمێشی" بەهۆی پچڕانەکەوە راگەیاند، کە کۆدێکە لە کاتی لەدەستدان یان پەککەوتنی ژێرخاندا پەنای بۆ دەبرێت. دامەزراوەکە روونیکردەوە کە سیستەمی پۆستی ئەلیکترۆنی لەکارکەوتووە، بەڵام چاودێریی نەخۆش و دانیشتووان کاریگەریی نەبووە و جەختی کردەوە کە "نەخۆشخانەکانمان بە سەلامەتی و کراوەیی دەمێننەوە بۆ پێشکەشکردنی چاودێری".
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر بوونی هیچ "چالاکییەکی زیانبەخش" (هێرشی ئەلیکترۆنی) لە پشت پچڕانی چەند کاتژمێریی خزمەتگوزارییەکانی ئاوت لوکەوە و جەختی کردەوە: "تاوەکو ئێستا ئاگاداری هیچ چالاکییەکی زیانبەخش نین کە بووبێتە هۆی ئەم رووداوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە بە پەلە و وەک کاری لەپێشینە تاوەکو بە تەواوی چارەسەر دەبێت."
User reports indicate problems with Microsoft Teams since 12:37 PM EST. How is it affecting you? #MicrosoftTeamsDown https://t.co/yAYKOyziuO
— Downdetector (@downdetector) November 13, 2026