لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت لە جورفولسەخر پێکهێنرا
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەرچووە و واژۆی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر کامل شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی لەسەرە، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون لەسەر زانیارییەکانی تایبەت بە بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورفولسەخر.
لە نووسراوەکەدا کە ژمارە (2/ 98)ی هەیە و لە رێکەوتی 12ی تشرینی دووەمی 2026 دەرچووە، هاتووە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئینزیبات و ئاسایشی حەشدی شەعبی و ئەندامێتیی 10 بەرپرسی باڵای دیکەی ئەمنی و حکوومی، کە بریتین لە:
- موئەیەد ساعیدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران.
- ئەمینداری نهێنیی کاروباری هەواڵگری و ئاسایش لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
- بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی.
- بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە نەوتییەکان (نوێنەری وەزارەتی نەوت).
- جێگری فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی.
- جێگری سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق.
- بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ.
- بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆ.
- بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆ.
- بەڕێوەبەری پۆلیسی وزە.
هەر لە نووسراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی تایبەتن بە بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی جرفولسەخر و پێشکەشکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
هاوکات داوا لە فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی کراوە کە کاتژمێر 9:00ی بەیانیی رۆژی هەینی 13ی تشرینی دووەمی 2026، کاروانێکی ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ دابینکردنی پاراستنی لیژنەکە ئامادە بکەن.

ئە بڕیارە دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی هەواڵگریی عێراق پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرابوو و باسی لە بە قاچاخبردنی نەوتی عێراق دەکرد بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە 14 لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراقەوە دەرکراوە، بەقاچاخبردنی نەوت چیتر تەنیا لە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتدا کورت نابنەوە، بەڵکو گەشەیان کردووە بۆ چالاکیی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان و دووبارە ساخکردنەوەیان لە دەرەوەی سیستمی فەرمیی هەناردەکردن.
راپۆرتەکە بە وردی باسی ئەو رێگەیە دەکات کە ناوی لێناوە "رێڕەوی رۆژهەڵات"، کە لە کێڵگەکانی کەرکووک و سلێمانی دەستپێدەکات. بەپێی گێڕانەوەی راپۆرتەکە، پشکە نەوتییەکان بە بەڵگەنامەی فەرمی بۆ چەند شوێنێک لە سلێمانی خەرج دەکرێن، پێش ئەوەی بەشێکیان بگوازرێنەوە بۆ تۆڕەکانی بەقاچاخبردن.