سەرۆکایەتیی پەرلەمان: پاراستنی مافی خوشک و برا ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە کارەکانمان
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە یانزەیەمین ساڵیادی داستانی ئازادکردنی شنگالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای بەرزڕاگرتنی فەرماندەیی مەیدانیی سەرۆک بارزانی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە، جەختی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، دەرچوونی هێزە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان کردەوە.
هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوی کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیرۆریستانی داعش هەموو رێگەیەکی دڕندانەیان گرتەبەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئایینیی هەزاران ساڵەی شنگال لە رێگەی کۆمەڵکوژی، بەکۆیلەکردن و گۆڕینی زۆرەملێی ئایین، کە لە ژێر رۆشنایی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا تاوانی جینۆسایدە.
پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "بە هەڵمەتێکی کەموێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە فەرماندەیی مەیدانیی سەرۆک بارزانی، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەر لە 11 ساڵ، شنگال و چیای شنگالی ئازیز بە خوێنی ئاڵی 500 شەهید و 3000 برینداری پێشمەرگە لە دەستی چەتەکانی داعش ئازاد کرا و ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە ئاسمانیدا شەکایەوە."
لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئەم ساڵیادە تەنیا بیرهێنانەوە نییە، بەڵکوو بەرزڕاگرتنی خۆڕاگریی بێوێنەی خوشک و برا ئێزیدییەکانە کە رووبەڕووی جینۆساید بوونەوە و هیچ هێزێک نەیتوانی ئیرادەیان بشکێنێت؛ هاوکات رێزگرتنە لە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکان کە سەلماندیان هەرگیز رێگە نادەن هیچ بەشێکی گەلەکەمان لەژێر ستەمدا بمێنێتەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمان جەختی کردەوە، پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی خوشک و برا ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە کارنامەی پەرلەمانی کوردستان، و بەردەوام دەبن لە گەیاندنی دەنگی شنگال بە جیهان، هاوکات سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکەن کە قوربانیدانی ئێزیدییەکان بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، پەرلەمانی کوردستان داوای کرد:
رێککەوتننامەی شنگال بە تەواوی و بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت.
خەڵکی شنگال و ئێزیدییەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی ناوچەکەیان بدەن.
سەرجەم هێزە چەکدارە نایاساییەکان شنگال جێبهێڵن.
ئاوارەکان بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی باوباپیرانیان و لە سایەی ئارامیدا بژین.
ساڕێژی برینەکانیان بکرێت و لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەری رێز و نەوازشی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی پێشمەرگە و قوربانیانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان دانەواند.
لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا و دوای 15 مانگ لە داگیرکاری و تاوانی جینۆساید لەلایەن داعشەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی و فەرماندەیی مەیدانیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شنگالی ئەنجام دا و شارەکەی بە تەواوی ڕزگار کرد. پێشمەرگە لەو داستانەدا توانی هێڵی ستراتیجیی 47 ڕێگەی سەرەکیی پەیوەندیی نێوان مووسڵ و ڕەقە بپچڕێنێت، کە ئەمەش بووە سەرەتای شکستی گەورە و کۆتاییهاتنی خەلافەتی داعش.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەکدارانی داعش 6 هەزار و 417 هاووڵاتیی ئێزیدییان ڕفاند؛ هەرچەندە تا ئێستا 3 هەزار و 595 کەسیان ڕزگار کراون، بەڵام چارەنووسی 2 هەزار و 526 کەسیان کە زیاتر لە 1200یان ژن و کچن تا ئێستاش بە نادیاری ماوەتەوە. هاوکات تا ئێستا نزیکەی 96 گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە و تەنیا ڕووفاتی نزیکەی 300 قوربانی دوای پشکنینی DNA ناسراونەتەوە و بە خێزانەکانیان دراونەتەوە.
دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ، هێشتا دەیان هەزار هاووڵاتیی ئێزیدی لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆکدا ماونەتەوە. هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دڵنیایی ئەمنی و سەقامگیری، وێرانبوونی ژێرخان، پەراوێزخستنی ناوچەکە لە خزمەتگوزاری، و دەستبەسەرداگرتنی شارەکە لەلایەن چەندین گرووپی چەکداریی جیاوازەوە؛ بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کە بارودۆخێکی نالەباری فرەهێزیی لە شنگالدا دروست کرد.
لە 9ـی ئۆکتۆبەری 2020دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان بۆ دەرکردنی هێزە چەکدارە نایاساییەکان، هەڵبژاردنی ئیدارەیەکی نوێ و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە واژۆ کرد؛ بەڵام بەغدا تا ئێستا خۆی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە دزیوەتەوە و پەنای بۆ ڕێککەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ هێزە نایاساییەکان بردووە، ئەمەش بووەتە ڕێگر لە بەردەم ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵکی ڕەسەنی شنگال بۆ زێدی خۆیان.